شارپرێس:
ڕۆژنامەی "فاینانشال تایمز" بڵاویکردۆتەوە
کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزێکی گەورەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆکردۆتەوە،
کە بریتییە لە 16 کەشتی جەنگیی و نزیکەی 40 هەزار سەرباز و سەدان فڕۆکەی جەنگی.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەمریکا خاوەنی 5 باڵی فڕۆکەوانییە
لە ناوچەکەدا کە هەر باڵێک 70 فڕۆکە لەخۆدەگرێت و لە بنکەکانی ئوردن، کوێت، قەتەر،
سعودیە و ئیمارات جێگیرکراون. هەروەها دوو باڵی دیکەی فڕۆکەوانی لەڕێگەی کەشتیگەلەکانی
"ئەبراهام لینکۆڵن" و "جێراڵد فۆرد" بۆ ناوچەکە زیادکراون.
داتاکانی زانکۆی تەلئەبیب ئاماژە بەوە دەکەن
کە تەنها لە بنکەی "موفەق سەڵتی" لە ئوردن، لانی کەم 66 فڕۆکەی ئەمریکی
هەن، لەوانە 18 فڕۆکەی F35 و 17 فڕۆکەی F15 و 8 فڕۆکەی A10، جگە لە فڕۆکەکانی
گواستنەوە و جەنگی ئەلیکترۆنی. وێنە سەتەلایتییەکانیش زیادبوونی ژمارەی فڕۆکەکانیان
لە بنکەیەکی ئاسمانیی سعودیە نیشان داوە.
ئەم
جوڵە سەربازییانە دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ دێت بۆ بەکارهێنانی هێز دژی ئێران
ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەکرێت، لە بەرامبەردا، ئێران جەختی لە
مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتییانە کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە کە وەڵامی هەر
هێرشێکی سەربازیی دەدەنەوە.
ئاکۆ
عەبدوڵڵا ئاڵی
