عێراق بڕیارێکی دیکە لەدژی هەرێم دەدات

کوردستان

23 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 14416 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەبیانوی نەبونی نوێنەرانی دەزگای کۆنترۆڵی جۆریی فیدراڵی لەهەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق گواستنەوەی زێڕ و مۆبایلی لەڕێی ئەو دوو فڕۆکەخانەیەوە قەدەغەکرد.


بەشی گواستنەوەی ئاسمانیی سەربە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق لەنوسراوێکدا داوا لە سەرجەم  کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی دەکات کە نابێت زێڕ و  مۆبایل لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بگوازنەوە.

بەپێی نوسراوەکە، نابێت زێڕ، مۆبایل و سەرجەم ئامێرەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری لە رێگەی گواستنەوەی ئاسمانی و کارگۆوە بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بگوازرێنەوە.

لە نوسراوەکەدا ئەوەش هاتوە،" ئەم بڕیارە بەهۆی نەبونی نوێنەرانی دەزگای کۆنترۆڵی جۆریی فیدراڵی لەو دوو فڕۆکەخانەیە دراوە، کە کاری پشکنین و مۆرکردنی زێڕی هاوردەکراو بکەن، هۆکاری دوەمیش بریتییە لە نەبونی رەزامەندیی فەرمیی سەبارەت بە ئامێرەکانی مۆبایل و تەکنەلۆژیای زانیاری کە لەلایەن دەستەی راگەیاندن و گەیاندنەوە دەردەچن ".