هۆشدارییەکی توند لەئێرانەوە: ئێمە لیبیا، سوریا و ڤەنزوێلا نین

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 386 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکی باڵای ئێران هۆشداری بە بەرپرسانی ئەمریکا دەدات و دەڵێت، ئێران، لیبیاو سوریاو ڤەنزوێلا نییە و هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران بە زیانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەشکێتەوە.


ڕەسوڵ سەنایی ڕاد، یاریدەری کاروباری سیاسی لەفەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند، دەبێت ئەمریکا، ئێران تێکەڵ نەکات لەگەڵ هەندێک لەوڵاتانی دیکە، چونکە ئێران، لیبیاو سوریاو ڤەنزوێللا نییە.

سەنایی ڕاد، ئەوەشیخستەڕوو، "جموجوڵی فڕۆکەهەڵگرو کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا توانای چاندنی ترس و کاریگەرییان لەسەر ئیرادەمان نییە، هەر نمایشکردنێکی هێز ئامانجی گوشارکردن بێت لەسەر مێزی دانوستانەکان، ئەوا لێکدانەوەیەکی هەڵەیە".

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران هۆشداریداو رایگەیاند،" هەر هەڵکشانێک تەنها زیان بەئەمریکییەکان ناگەیەنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی فراوان و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەگرێتەوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی راپۆرتێکی ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریکی، سوپای ئەمریکا زیاتر لە 150 فڕۆکەی بۆ بنکەکانی ئەوروپاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گواستوەتەوە، لەهەمانکاتدا چەندین کەشتی فڕۆکەهەڵگری زەبەلاحی لەنزیک ناوچە ئاوییەکانی ئێران مۆڵداوە، ئەمەش بەگەورەترین بونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا دادەنرێت لە دوای جەنگی عێراق لەساڵی 2003وە.