شارپرێس:
لەپێشهاتێکی بێپێشینەو لەرینەوەیەکی گەورە لەجەرگەی دەسەڵاتی ئێران‌دا، دوای هێرشە ئاسمانییە چڕەکانی ئیسرائیل بۆسەر تاران، ئاژانسه‌كانى هه‌واڵ ئاشكرایانكردوه، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، بەپەلە بۆ شوێنێکی نادیار‌و پارێزراو گواستراوەتەوەو لەئێستادا لەپایتەخت نییە.
ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی‌و Iran International پشتڕاستیانکردەوە، دوکەڵێکی چڕ لەگەڕەکی پاستۆر بەرزدەبێتەوە؛ ئەو شوێنەی کە توندترین ڕێکاری ئەمنیی تێدایەو هەریەک لەمەڵبەندی سەرەکی ڕێبەر (بیت ڕەهبەری)و بارەگای سەرۆکایەتی کۆماری لێیە.
ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه، هاوکات لەگەڵ هێرشەکان، هێڵەکانی مۆبایل‌و ئینتەرنێت لەزۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات‌و ڕۆژئاوای تاران بەتەواوی پچڕاون، ئەمەش ترس‌و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەشارەکەدا دروستکردوە.
تائێستا قەبارەی زیانەکان‌و ئەنجامی ڕاستەوخۆی هێرشەکە بۆسەر نوسینگەی خامنەیی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام گواستنەوەی خامنه‌یى ئاماژەیەکی ڕونە بۆ مەترسییەکی لەسەر خودى ڕێبه‌رى ئێران.
چاودێرانى سیاسیى باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئەم ڕوداوە وەک بومەلەرزەیەکی سیاسیی وەسفدەکرێت کە ڕەنگە هاوسەنگییەکانی ناوچەکە بەتەواوی بگۆڕێت.
دواى هێرشه‌كانى ئیسرائیل، سوپای پاسداران هاتوه‌ته‌ده‌نگ‌و باری نائاسایی (سور)ی لەسەرتاسه‌رى وڵاته‌كه‌ى ڕاگەیاندوە، سەرچاوە نافەرمییەکانیش باس لەوەدەکەن، یەکەکانی موشەکیی ئێران لەحاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوە، هه‌روه‌ك بەرپرسێکی سەربازیی ئێران جه‌ختیكردوه‌ته‌وه، "تاران خۆی بۆ وەڵامدانەوە ئامادەدەکات‌و وه‌ڵامه‌كه‌ش وێرانکەر دەبێت".
تا ئێستا میدیا فەرمییەکانی دەوڵەت (وەک IRNA) تەنها باسیان لە"بیستنی دەنگی تەقینەوە" کردوەو هێشتا بەفەرمی دانیان به‌وه‌دا نه‌ناوه، كه نوسینگەی خامنه‌یى پێکرابێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی باری دەرونی خەڵک دەبینرێت.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌شدا، کۆشکی سپی وتویه‌تى، "لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین‌و پشتیوانی لەمافی ئیسرائیل دەکەین بۆ بەرگریی لەخۆی، بەڵام نامانەوێت شەڕەکە بەرەو ڕوبەڕوبونەوەی گشتگیر بڕوات"، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا، بەرپرسێکی ئەمریکی به‌بێ ئاشكراكردنى ناوه‌كه‌ى بۆ ڕۆیتەرز قسه‌یكردوه‌و وتویه‌تى، "هێرشی ئاوی‌و ئاسمانیمان بۆسەر ئێران دەستپێکردوە".
هاوكات سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوەکردوە، "هەر شوێنێک هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاسایشی ئێمه، دەستمان پێی دەگات"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە لەناو جەرگەی تاران‌دا.
