"گورزەکەی ئێران" ململانێی دەسەڵات لەناو کۆنگرێسدا هەڵدەگیرسێنێت

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 472 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئێران  بەفەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەهەماهەنگیی لەگەڵ ئیسرائیل، مشتومڕێکی توندی لەناو کۆنگرێسدا سەبارەت بەدەسەڵاتەکانی ڕاگەیاندنی جەنگ دروست کردوە. 

 
یاسادانەرانی هەردوو پارتەکە داوای دەنگدان لەسەر بڕیارێک دەکەن بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتە سەربازییەکانی سەرۆک، چونکە پێیان وایە ئەم هەنگاوە بەبێ مۆڵەتێکی دەستوری ڕون ئەنجام دراوە. 

ئەم ناکۆکییە جارێکی دیکە ململانێی مێژویی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان دەخاتەوە بەرباس، بەتایبەت لەکاتێکدا هێرشەکە مەترسی هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوان لەناوچەکەدا هەیە.

تەنها دیموکراتەکان ڕەخنەیان نەگرتوە، بەڵکو سیناتۆری کۆماری تۆماس ماسی دژایەتی خۆی ڕاگەیاند و وتویەتی جەنگ لەگەڵ ئێران لەگەڵ دروشمی " ئەمریکا پێش هەموو شتێک" ناگونجێت، هەروەها بڕیارە لەگەڵ "ڕۆ خانا" کۆنگرێسمانی دیموکرات کار بۆ دەنگدانێکی فەرمی بکەن.

لەلایەکی ترەوە، تیم کەین و ڕاند پۆڵ پڕۆژەیاسایەکیان پێشکەش کردووە کە سەرۆک پابەند دەکات پێش هەر کارێکی سەربازیی ڕەزامەندی کۆنگرێس وەربگرێت. چاک شومەر و جێن شاهین ڕەخنەیان لە نەبوونی زانیاریی پێویست گرت و هۆشدارییان لە پەرەسەندنی گرژییەکان دا.

لەبەرانبەردا، هەندێک لە کۆمارییەکان وەک جۆن سون داکۆکییان لە بڕیارەکە کردو بەپێویستییان زانی بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، چونکە ڕێگەی دیپلۆماسی گەیشتووەتە بنبەست، هەروەک  لیندسی گراهام لە سەکۆی ئێکس داوای لە هاوپەیمانانی ناوچەکە کردووە پاڵپشتی ترەمپ بن. 

ئێستا کۆنگرێس لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی دەستوریدایە و ململانێی سیاسی لە واشنتۆن تەنها لەسەر هێرشەکان نییە، بەڵکو لەسەر سنووری دەسەڵاتەکانی سەرۆکە لە کاتی تەنگانەدا.