دواى کوژرانی خامنەیی.. سێ بەرپرس ئیدارەی قۆناغی گواستنەوە دەگرنەدەست

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3795 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەژێنەرترین پێشهاتی سەدەی نوێدا، تاران بەفەرمی کوژرانی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای وڵاته‌كه‌ى ڕاگەیاند، ئەم ڕوداوە کە دوای هێرشێکی هاوبەشی فراوان‌و بێوێنەی ئەمریکاو ئیسرائیل دێت، ناوچەکەی خستوەتە سەر لێواری گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی کە کەس ناتوانێت پێشبینی دەرەنجامەکانی بکات.


تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، دوای چەند کاتژمێرێک لەبێدەنگییەکی پڕ لەگومان، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە، دەستبەجێ محەمەد موخبیر ڕاوێژکاری باڵا پێکهێنانی ئیدارەیەکی کاتیی سێقۆڵی ڕاگەیاند.

مەسعود پزیشکیان، غولامحوسێن موحسینی ئیژەیی‌و نوێنەری ئەنجومەنی پاراستنی دەستور، ئێستا ئەرکی ڕاگرتنی کەشتییەکەو بەڕێکردنی وڵاتیان لەم تۆفانەدا کەوتوەتەسەرشان.

ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە ئیسرائیل ناوی ناوە "نه‌ڕه‌ى شێر"و واشنتۆن بە"داستانی توڕەیی" وەسفیدەکات، تەنها ڕێبەری باڵای نەکردە ئامانج، بەڵکو بەوتەی ناتانیاهۆ دڵی سیستەمەکەی پێکاوە، کوژرانی فەرماندە باڵاکانی وەک محەمەد پاکپورو عەزیز ناسرزادە گورزێکی کەمەرشکێنە لەجەستەی سوپای پاسداران کە ئێستا هەڕەشەی تۆڵەیەکی سەختدەکات.

دیمەنەکانی ناو تاران گوزارشت لەقووڵی دابەشکارییەکان دەکەن؛ لەلایەکەوە ڕاگەیاندنی 40 ڕۆژ ماتەمینی‌و شینگێڕانی لایەنگرانی دەسەڵات‌و لەلایەکی دیكه‌وه‌ گرتە ڤیدیۆییەکانی هەندێک گەڕەک کە تێیدا دەنگی خۆشی دەبیسترێت، ئەمە تەنها گۆڕینی کەسایەتییەک نییە، بەڵکو هەژانی ویژدانی سیاسیی نەتەوەیەکە.

لەکاتێکدا موشەکەکان ئاسمانی ناوچەکەیان تەنیوەو وڵاتانی دراوسێ لەوپەڕی ئامادەباشیدان، ئەنجومەنی ئاسایش کۆبونەوەیەکی بەپەلەى ئه‌نجامدا، جیهانیش بەهەناسەبڕکێوە دەڕوانێتە تاران؛ ئایا ئەمە سەرەتای کۆتاییە، یان دەستپێکی شەڕێکی ناوچەیی ماڵوێنکەر؟.

بەپەلە