ئێران هێرشە موشەکییەکانی بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا له‌هه‌رێم ڕاده‌گه‌یه‌نێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2654 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لەهێرشە موشەکییەکانی بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان‌و ته‌واوى ناوچەکە ڕاگەیاند، ده‌شڵێت، "ئەمەش وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆیه‌ بۆ هەنگاوەکانی ئەمدواییەی ئەمریکاو ئیسرائیل لەناوچەکەدا".


به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوێكى سوپای پاسداران، هێزە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە بەچەندین قۆناغ‌و وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن، "بەسەرکەوتویی" بنکەکانی ئەمریکایان لەهەرێمی کوردستان‌و ناوچەی کەنداو کردوەتە ئامانج، ئه‌و هێرشانەش پەیامێکی ڕونن بۆ هێزە بیانییەکان لەناوچەکەدا".

سوپای پاسداران لەڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا ئاستی هەڕەشەکانی بەرزترکردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تى، "گشت ناوەندەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لەناوچەکەدا لەژێر چاودێری ورددان‌و دەبنە ئامانجی هێزە ئاسمانییەکانی ئێران"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبونی بازنەی ڕوبەڕوبونەوەکان کە تەنها عێراق‌و هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵکو تەواوی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە.

ئەو هێرشانەش لەکاتێکدان کە هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەدورخستنەوەی خاکی هەرێم لەململانێ هەرێمایەتییەکان دەکاتەوە، چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە، بەکارهێنانی ئاسمانی هەرێم بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان، مەترسییەکی گەورە لەسەر سەقامگیریی ئابوریی‌و سیاسیی ناوچەکە دروستدەکات.

تائێستا لایەنی ئەمریکی بەفەرمی قەبارەی زیانەکان‌و وردەکاریی وەڵامدانەوەکانیانی ئاشکرانەکردوە، بەڵام چاوەڕواندەکرێت ئەو پێشهاتە نوێیە دۆخی ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی نادیارو ئاڵۆزتر بەرێت.

بەپەلە