شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی ماوەی دوو دەیە سەرقاڵی لێکۆڵینەوە بوە لەشکستەکانی سوپای ئەمریکا لەناوچەکەداو دەڵێت، بەستراتیژێکی تایبەت کۆتایی بەجەنگ دەهێنن.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نوسیویەتی،"ماوەی دوو دەیە دەرفەتمان هەبوە بۆ ئەوەی بەوردی لێکۆڵینەوە لەشکستەکانی سوپای ئەمریکا لەهەردوو بەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای وڵاتەکەمان بکەین، ئێمە بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانە، وانە و ئەزمونی پێویستمان وەرگرتوەو لەبەرنامەکانماندا جێگیرمان کردون".
سەبارەت بەهەڕەشەکانی بۆردومانکردنی تاران، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە: "بۆردومانکردنی پایتەختەکەمان، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر توانای ئێمە بۆ بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی جەنگ نابێت".
عێراقچی هاوکات وتی،"سیستەمی بەرگریی ئاسمانیمان توانامان پێ دەبەخشێت کە خۆمان بڕیار بدەین کەی و چۆن کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنین"، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە كات و شێوازی كۆتاییھاتنی جەنگەکە دیاریی دەكەین.
بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
