شارپرێس:
عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوییو مەترسیی تێکچونی پەیوەندییەکانیدایە لەگەڵ دراوسێ عەرەبییەکانی، دوای ئەوەی بەڵگەکان ڕاستیو دروستیی ئەو هێرشانەیان ئاشکراکرد کە لەناوخۆی عێراقەوە ئاسایشی کەنداو دەکەنە ئامانج، ئەم دۆخە نەک هەر سەروەریی وڵاتەکەی خستوەتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو عێراقی کردوەتە ئامانجێکی شەرعی بۆ لێدانە تۆڵەسێنەکانو سزایەکی نێودەوڵەتی کە ڕەنگە دەوڵەتەکە بەرەو لێواری داڕمان ببات.
گۆڕەپانێکی کراوە بۆ جەنگێکی بێسنور
لەکاتێکدا جەنگی نێوان جەمسەرە سێگۆشەکەی (ئێران، ئەمریکاو ئیسرائیل) گەیشتوەتە لوتکەی گەرمبون، پریشکەکانی تەنها وڵاتانی دەوروبەری نەگرتوەتەوە، بەڵکو عێراقی کردوەتە سەنتەری هەڵدانی ئاگر.
ڕاپۆرتە هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکانو بەڵگە مەیدانییەکان ڕاستییەکی تاڵ ئاشکرادەکەن، عێراق چیتر تەنها تەماشاکار نییە، بەڵکو خاکی ئەم وڵاتە کراوەتە جێگرەوەی خاکی ئێران بۆ یەکلاکردنەوەی حساباتە سەربازییەکان.
ئاشکرابونی ڕاستییەکان.. "نەخشەی فڕین درۆ ناکات"
دوای زنجیرەیەک هێرشی ورد بۆ سەر دامەزراوە ستراتیژییەکانی سعودیەو ئیمارات، لێکۆڵینەوە تەکنیکییەکان پەردەیان لەسەر ڕاستییەکان لادا، سۆنارو سیستەمە بەرگرییەکانی ناوچەکە دەریدەخەن کە زۆربەی ئەو درۆنو موشەکانەی ئاسایشی کەنداویان هەژاند، نەک لەتارانو سەعدە، بەڵکو لەناوچە خۆڵەمێشییەکانی ناوەڕاستو باشوری عێراقەوە ئاراستەکراون.
ههروهك باس لهوهشدهكرێت، ئەو چەکانەی بەکارهێنراون، هەمان ئەو مۆدێلانەن کە لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران لەناوخۆی عێراقدا کۆدەکرێنەوە، ئەمەش بەمەبەستی شاردنەوەی پەنجەمۆری ڕاستەوخۆی ئێران.
عێراق.. قەڵغانی ئێرانو مەیدانی ئەمریکا
بەگوێرەی شرۆڤەکارانی ستراتیژیی، گۆڕینی عێراق بۆ سەرچاوەی هێرشەکان پلانێکی دارێژراوە بۆ بەلاڕێدابردنی تۆڵە، بۆ نمونه، کاتێک هێرشەکە لەعێراقەوە دەبێت، ئیسرائیلو ئەمریکا لەبەردەم دوڕیانێکی قورسدان؛ یان دەبێت ناوخۆی عێراق بۆردومان بکەن کە ئەمەش توڕەیی جەماوەرییو ناسەقامگیریی سیاسیی لێدەکەوێتەوە، یان دەبێت بێدەنگبن کە ئەمەش دەستی گروپە چەکدارەکان کراوەتر دەکات، ئەو هێرشانە عێراقیان لەباوەشی عەرەبیو کەنداو دورخستوەتەوەو وەک هەڕەشەیەکی دراوسێ نیشانیدەدەن، نەک وەک برایەکی هاوپەیمان.
دوفاقی دەسەڵات.. حکومەتێکی بێدەنگو گروپێکی چەکدار
چاودێران باس لهوهدهكهن، ئەوەی دۆخەکە تراژیدیی دەکات، ئەوەیە کە حکومەتی عێراقو دامەزراوە فەرمییەکان خۆیان بەبێبەری دەزانن، بەڵام لەسەر زەمینی واقیع، گروپە چەکدارەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بڕیاری جەنگو ئاشتیی دەدەن، ئەمە وایکردوە عێراق لەبەردەم جیهاندا وەک دەوڵەتێکی بێسەروەر دەربکەوێت کە ناتوانێت کۆنترۆڵی سنورەکانی بکات.
دەرەنجامە چاوەڕوانکراوەکان.. بەرەو کوێ؟
بهگوێرهى سهرچاوهكانى ههواڵ، هۆشداریدەدرێت کە بەردەوامی ئەم دۆخە عێراق ڕوبەڕوی سێ مەترسی گەورە دەکاتەوە، دابڕانی ئابوری، مهبهست لهمهش ساردبونەوەی پەیوەندییەکانه لەگەڵ کەنداو کە دەبێتە هۆی پەککەوتنی پڕۆژە گەورەکانی وەبەرهێنان، هاوكات ترس لهسزای نێودەوڵەتی، لهم دۆخهشدا ئەگەری خستنە ناو لیستی ڕەشی دارایی ههیه بەهۆی تێوەگلان لەشەڕی گروپە نادەوڵەتییەکان، بەرەی دوەمی جەنگ مهترسیهكى دیكهیهو ئامانجیش لهمه گۆڕینی شارەکانی عێراقه بۆ ئامانجی ڕاستەوخۆی فڕۆکەکانی ئیسرائیلو ئەمریکا وەک پەرچەکردارێک بۆ هێرشەکان.
ئەو ئاگرەی ئەمڕۆ لەخاکی عێراقەوە بەرەو دراوسێکانی دەچێت، چاوەڕێی (با) کاتێک بۆ بەرەی پێچەوانە دەگەڕێتەوە؛ عێراق ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوییو یەکلاکەرەوەدایە، یان دەبێت ببێتەوە بەدەوڵەتو جڵەوی چەکو بڕیار بگرێتە دەست، یان دەبێت چاوەڕێی ئەوەبێت ببێتە سوتەمەنیی جەنگێک کە تێیدا نە بڕیاردەرەو نە سودمەند، تەنها باجەکەی بەخوێنو خاکی خۆی دەدات. مێژوو دەریخستوە کە جەنگە وەکالەتییەکان تەنها یەک براوەیان هەیە، ئەویش ئەو لایەنەیە کە خاکی خۆی دەپارێزێتو خاکی ئەوانی دیکە دەکاتە مەیدانی جەنگ، پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا بەغدا دەتوانێت پێشئەوەی پریشکەکان ببنە تۆفان، خۆی لەو ئاگرە دەربازبکات؟.
