شارپرێس:
لەکاتێکدا دانیشتوانی گوندی (دزڵی) لەهەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەریکی ڕاپەڕاندنی کارە ئاساییەکانی ڕۆژانەیان بونو لەنێو باخو چیا سەرکەشەکاندا بەدوای بژێوی ژیاندا دەگەڕان، ئاسمانەکەیان بەئاگرو دوکەڵی موشەک داپۆشرا، ئەمجارە مەرگ لەشێوەی پۆڵای ساردو تەقینەوەی بێدەنگکەردا هاتو ژیانی دوو هاوڵاتیی مەدەنیو بێتاوانی کردە ئامانج.
موحسینو شاهۆ.. دوو ناو کە هەرگیز لە یاد ناچن
موحسین زەمانیو شاهۆ بەهرامی، تەنها دوو ناو نین لەنێو لیستە درێژەکانی قوربانیانی جەنگدا؛ ئەوان چیرۆکی دوو گەنجی ماندوی نیشتمانن کە چەکیان تەنها بێڵو داسو ئامێرە کشتوکاڵییەکانیان بوو، بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى دهستكهوتون، ئەو دوو هاوڵاتییە مەدەنییە لەکاتی بۆردومانەکانی ئەمریکادا بۆسەر ناوچە سنورییەکان، سەرقاڵی ژیانی سادەی خۆیان بون، بەڵام پارچە ئاسنە ساردەکان، جەستەی گەرمیانی هەلاهەلا کرد.
خوێنێک کە سنورەکان دەبەزێنێت
ئەگەرچی ململانێ سیاسییو سەربازییەکان لەنێوان زلهێزەکاندا لەتارانو واشنتنەوە نەخشەی بۆ دادەڕێژرێت، بەڵام جارێکی دیکە پشکی خوێنو فرمێسک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان مایەوە، دزڵی، کە مێژویەکی دوری لەگەڵ بەرخۆدانو ئازاردا هەیە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە بوەوە بەمەکۆی خەم، گیانلەدەستدانی ئەو دوو گەنجە نیشانیدا کە لەم جەنگە بێمانایانەدا، ئەوەی باجە قورسەکە دەدات، هاوڵاتیانی مەدەنیو هەژارنشینن.
کۆتاییەکی تراژیدیی
ئەمڕۆ گوندی دزڵی بێدەنگە، بەڵام بێدەنگییەک کە هاواری لێ بەرزدەبێتەوە، وێنەی موحسینو شاهۆ لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستاودەست دەکات، وەک شاهیدێکی زیندوو لەسەر مەزڵومیەتی نەتەوەیەک کە تەنانەت لەناوماڵو باخی خۆیشیدا لەدەست موشەکەکان ئەمانو ئارامی نییە، پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، تا کەی دەبێت خەڵکی بێتاوانی کوردستان ببنە سوتەمەنی ململانێی وڵاتانی دیکە؟
