شارپرێس:
سوپای پاسدارانی ئێران لهپهیامێكى بهپهلهدا ئاشكرایكرد، گهروی هورمز بهتهواوهتی داخراوهو ههر كهشتییهكی نهوتو بازرگانیش بیهوێت نزیك ببێتهوه، لێی دهدهین، چاودێرانى سیاسیىو ئابوریش جهختدهكهنهوه، داخستنی گەروی هورمز تەنها بابەتێکی سەربازی نییە، بەڵکو دەستبردنە بۆ دەمارە سەرەکییەکانی ژیانی جیهان، ئەو هەنگاوەی ئێران وەک تەقاندنەوەی بۆمبێکی ئەتۆمیی ئابوریی وایە کە تروسکەی یەکەمی لەناوچەکە دەستپێدەکاتو دوکەڵەکەی دەگاتە هەموو ماڵێکی ئەم زەوییە.
لەهەنگاوێکدا کە هەموو پایتەختە بڕیاربەدەستەکانی جیهانی توشی شۆک کرد، سوپای پاسدارانی ئێران پەیامی داخستنی تەواوەتی گەروی هورمزی ڕاگەیاند، ئەم هەڕەشەیەش تەنها گەمارۆیەکی دەریایی نییە، بەڵکو بەمانای پەکخستنی شا دەماری وزەی جیهانیى دێت.
ئابوریی جیهان.. بومەلەرزەیەک لەڕێیە
گەروی هورمز تەنها ڕێڕەوێکی ئاوی نییە، بەڵکو 20٪ بۆ 30٪ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت، لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵەکەش، نرخی نەوت شڵهژانى بهخۆوه بینى، پێشبینیدەکرێت نرخی بەرمیلێک نەوت ئاستی 100 بۆ 120 دۆلار تێپەڕێنێت، هاوكات لهڕوى بازاڕی داراییشهوه، پشکەکانی بۆرسە لەئەمریکاو ئەوروپا ڕویان لەدابەزین کردوە، ههروهها کۆمپانیاکانی کەشتیوانی ناچارن ڕێڕەوی دورو پڕ تێچوو (دەوری ئەفریقا) بگرنەبەر، ئەمەش نرخو کاتی گەیشتنی کاڵاکان بۆ چەند هێندە بەرزدەکاتەوە.
هۆشدارییە توندەکەی پاسداران.. "هەرچی نزیک بێتەوە لێى دهدهین"
پەیامەکەی سوپای پاسدارانى ئێران ڕونە، جهختدهكاتهوه، "هیچ کەشتییەکی بازرگانییو نەوتههڵگر پارێزراو نابێت"، ئەمەش بهبڕواى چاودێران، واتای ئەوەیە کە کەنداو لەناوچەیەکی بازرگانییەوە گۆڕدراوە بۆ ناوچەی جەنگی سور، بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، موشەکی بالیستیو مینە دەریاییەکان، ئاسایشی دەریایی لەم ناوچەیەدا گەیاندوەتە خاڵی سفر.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان.. ئەمریکا چیدەکات؟
واشنتۆنو هاوپەیمانەکانی هەمیشە داخستنی هورمزیان وەک هێڵی سور پێناسەکردوە، بهبۆچونى شرۆڤهكارانیش، ئەم دۆخە چەند بژاردەیەک دەخاتە بەردەم جیهان بۆ نمونه، ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانی سوپای پاسداران بۆ کردنەوەی ڕێڕەوەکە ههیهو هاوكات ئهگهرى دروستبونى قەیرانێكى گهورهى وزەش ههیه، لهبهرئهوهى وڵاتانی وەک چینو ژاپۆنو کۆریا کە پشت بەنەوتی کەنداو دەبەستن، ئهمهش وادهكات ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورەی سوتەمەنی ببنەوە.
بۆچی ئێستا؟
چاودێران پێیانوایە، ئەم هەنگاوەی تاران پەرچەکردارێکی خۆکوژییە بەرامبەر بەو فشارە سەربازییو ئابورییانەی لەماوەی ڕابردودا لەلایەن ئیسرائیلو ئەمریکاوە خراونەتەسەری، ئێران دەیەوێت بەجیهان بڵێت، "یان هەموان پارێزراو دەبن، یان هیچ کەس".
شرۆڤهكاران جهختدهكهنهوه، ئەگەر ئەو داخستنە لەچەند کاتژمێرێکی داهاتودا کۆتایی نەیەت، جیهان بەرەو قەیرانێکی ئابوریی دەچێت کە هاوشێوەی تەنها لەجەنگی جیهانی دوەمدا بینراوە. چاوەکان لەسەر کەنداون، ئایا عەقڵانیەت زاڵدەبێت یان دەنگی تەقینەوەکان هەموو جیهان دەهەژێنن؟.
