بەحرەین پەیامێکی بەپەلەى وڵاتانى کەنداو دەگەیەنێتە نەتەوەیەکگرتوەکان

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4492 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شانشینی بەحرەین، وەک سەرۆکی خولی ئێستای ئەنجومەنی هاوکاری وڵاتانی کەنداو، بەفەرمی نامەیەکی ناڕەزایەتی توندی ئاڕاستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان کرد، لەنامەکەدا هۆشداریی لەئەنجامە مەترسیدارەکانی بەردەوامی هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە دەدرێت.


لەنامەکەدا کە لەلایەن نێردەی هەمیشەیی بەحرەین لەنەتەوەیەکگرتوەکان پێشکەشکراوە، وڵاتانی کەنداو بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشانەی ئێرانیان کردوە کە وڵاتانی ئەنجومەنەکەو شانشینی ئوردنیان کردوەتە ئامانج، وڵاتانی کەنداو ئەم هێرشانەیان بەپێشێلکارییەکی زەق بۆسەر سەروەری نیشتمانی‌و بنەماکانی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان وەسفکردوە.

ڕاپۆرتەکە جەخت لەسەر بنەمایەکی گرنگ دەکاتەوە ئه‌ویش، "ئاسایشی وڵاتانی برا یەک پارچەیەو لێک جیاناکرێتەوە"، وڵاتانی کەنداو ڕایانگەیاندوە، هەر دەستدرێژییەک بۆسەر سەروەری هەر وڵاتێکیان، وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش‌و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە هەژماردەکرێت، هەروەها هاوسۆزی تەواوی خۆیان بۆ ئەو وڵاتانە دەربڕیوە کە زیانیان بەرکەوتوە.

دیارترین خاڵی پەیامەکە، ئاماژەدانه‌ بەمافی یاسایی وڵاتان بۆ وەڵامدانەوە، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ وڵاتانی کەنداو ڕایانگەیاندوە، "پابەندبون بەمافی ڕەوای بەرگری لەخۆگرتن به‌گوێره‌ى مادەی (51)ی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان، پاراستنی مافی وەڵامدانەوە بەو شێوازەی کە لەگەڵ جۆری هێرشەکەدا دەگونجێت، گرتنەبەری هەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی خاک، گەل‌و دانیشتوانی ناوچەکە".

وڵاتانی ناوچەکە لەڕێگەی ئەو پەیامەوە هۆشداریدەدەن، بەردەوامی ئەمجۆرە گرژییانە ناوچەکە بەرەو ئاقارێکی نادیار دەبات، داواش لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە بەرپرسیارێتی خۆیان لەپاراستنی ئاشتی‌و ئاسایشی نێودەوڵەتی هەڵبگرن.