نەبەز گۆران
لە سەروەختی دروستكردنی
كۆماری كوردستاندا، لە شاری _سابڵاخ، مهاباد. یەكێك لەو كارەكتەرانەی دەبێت بە وەزیر،
چیرۆكێكی سەرنجڕاكێشی لەگەڵ خۆی گواستوەتەوە. بەڕێز میرزا.(محەمەد ئەمین موعینی) كە
دەكاتە باوكی تێكۆشەری كورد(سڵێمان موعینی) كە هەركەسێك كەمێك ئاگای لە شۆڕشی كوڕد
هەبێت، جەنابی (سلێمان موعینی) وەك شۆڕشگێرێكی بە قوربانی كراو دەناسێت.
میرزا(محەمەد ئەمین
موعینی) پێش كۆمار پیاوێكی خانەدان بووە، بازرگان بووە، خاوەن سامانیش بووە. لە سەروەختی
كۆماردا بە فەرمانی قازی محەمەد دەبێت بە وەزیری ناوخۆ. لەسەر وەختی وەزیربوونەكەیدا،
هەموو كاروبارەكانی، بەڕێوبردنی وەزارەتەكەی، لەسەر شانی خۆی دەبێت. بەڵام لەو ماوەیدا
بۆ یەكجار_قازی محەمەد_ یەك_تمەن_ دەدات بە وەزیر بۆ خەرجكردنی. بەڵام هەرگیز وەزیری
ناوخۆ ئەو تاقە تمەنە خەرج ناكات و هەڵیدەگرێت.
ئەم هەڵگرتنەی لەبەر ئەوە نییە بە دۆست و ناسراوانی بڵێت: لە كۆماردا من بەس ئەو
تمەنەم وەرگرتووە، بۆ ئەوەیەتی وەك بەهایەك، وەك پیرۆزییەك لای خۆی بیهێڵێتەوە.
دوای كەوتنی كۆماری
مهاباد. وەزیری ناوخۆ میرزا(محەمەد ئەمین موعینی) بۆ هەمیشە ئەم تمەنە هەڵدەگرێت.
دەیكات بە یادەوەرییەك بۆ ژیانی كۆمار و نەوە دوای نەوەی خۆی، ئەو تمەنەیان پێشاندەدات
كە سەرۆك كۆماری قازدی محەمەد پێیداوە. هەتا نەوەی دووهەمی وەزیریش ئەو تمەنە هەر
وەك یادەوەرییەك دەمێنێتەوە. ئێمە لێرەدا بەم چیرۆكی تەمە سەرنج لەسەر كۆمارەكەی
كوردستان دەدەین. كاتێك لەو كۆمارە ورد دەبینەوە، بە ماوەیەكی زۆر كەم بیرۆكەی زۆر
مەزنی خستە ناو دونیای كوردەوە.
بیرۆكەی_كۆمار، كە
تاقانەترین بیرۆكەیە لە مێژووی سیاسیی نوێی كورددا. نە لە پێش قازی نە لە دوای ئەو،
هیچ هێز و جوڵانەوەیەك نەهاتووە بیرۆكەی_كۆمار، بەرزبكاتەوە، كە دواچارەسەری كێشەی
كوردە، تەنها بە گەڕانەوە بۆ ئەو بیرۆكەی قازی محەمەد هەڵگرییەتی كورد دەتوانێت بۆ
هەمیشە لەناو دۆخی ڕزگاری و خۆبووندا بژیت.
پاشان بیرۆكەی چەمكی_پێشمەرگە_
كە دەبێتە كارەكتەرێكی خەباتگێڕ و ڕزگاركەری گەل، لە هەمان كۆمارەوە سەرچاوە دەگرێـت،
بیرۆكەی ساڵنامەی كوردی، كە لە كۆمارەكەوە بونیاد نرا. بیرۆكەی دروستكردنی حیزب، وەك
دامەزراوەیەكی پتەو بۆ ڕێكخستنی گەل. بیرۆكەی بە دامەزراوەیی كردنی كۆمار، چونكە
قازی هوشیاربووە، زانیویەتی تەنها بە دامەزراوە دەتوانی ڕووبەڕووی دامەزراوەی داگیركەر
ببیتەوە. بیرۆكەكانی كۆمار، سەرنجراكێشن و دواتر بۆ كۆی پارچەكانی تری كوردستان، دەبن
بە بنەماو جارێكی تر كاریان لەسەر دەكرێت.
هەموو ئەوەی كە هەیە لە
مێژووی نوێدا، قازی و بیرۆكەكانی، وەك تێز تەماشا دەكرێن.پاش ئەو ئیدی هەرچییەك ڕِوودەدات
لە خەباتی كورد بۆ ئازادی و ڕزگاری، دژە تێزە. بەبێ خوێندنەوەی كۆمار و بە تێزبوونەكەی،
ئەو دژە تێزانەی دیكەی لە خەباتی كورد لە پارچەكانی دیكە بەباشی ناناسرێن.(لە شرۆڤەی
ئایدیاكانی قازی محەمەددا، بە وردی لەم بارەوە سەرنجم داوە، كە لە داهاتوودا لە
چوارچێوەی كتێبێكدا بڵاودەكرێتەوە.)
ئەوەی لە ئێستادا جێگەی
سەرنجە، تاقە تمەنەكەی وەزیری ناوخۆیە، كە لەسەرۆك كۆماری وەرگرتووە. ئەم تاقە تمەنە،
كە زۆر كەمە. هێمایە بۆ كۆمارێكی پاك. كۆمارێك كە دامەزراوەكانی لەسەر بنەمای بەژرەوەندی
تاكە كەسی كاریان نەكردوە. كۆمارێكە جگە لەوەی دەبێتە بنچینەیەك بۆمان، تاكو دواتر ئایدیای تری لێ بەرهەمبهێنین، لە ڕووی
پاكییەوە، وەزیری ناخۆكەی هاوارمان بۆ دەكات، ئێمە پاك بووین، ئەوەی بیرمان لێدەكردەوە
دروستكردنی ماڵێك بوو بۆ كورد، نەك بەرژەوەندییە كەسییەكانە خۆمان.
ئێمە ناتوانین بەراوردی
پاكییەتی كۆمارەكەی قازی محەمەد، بەهیچ كام لە خۆبەڕێوبەرییەكانی تری كورد بكەین،
چونكە هەموو ئەو كتێب و یادەوری و بەڵگانەی تاكو ئێستا لەسەر كۆماری مهاباد هەن، هیچ
كامیان تەنانەت ڕستەیەكی تێدانییە لەسەر پیسخۆی، گەندەڵی هیچ كامیان باس لەوە
ناكات یەكێك لە وەزیرەكان بەشداریەكی كورتی هەبێت لە خواردنی سامان، ئەگەر سامانەكە
زۆر كەمیش بووبێت. ئەو دونیایەی لە كۆماردا هەیە، دونیایەكی زۆر كوردانەیە، كوردانە
بە واتا زۆر پاك و بێگەردەكەی. هەموو بەشداربووەكانیشی بەو ڕۆحییەتەوە ڕوو لە كۆمار
دەكەن، بەشدارن لە دروستكردنی ماڵێك و سەرزەمینێك بۆ كورد بكەن، نەك بەشدارن لەوەی
دەستەكەوتێكی تاكە كەسیان دەست بكەوێت.(كە دواتر هەموویان بە چیرۆكی تراژیدی ژیانیان
كۆتایی دێت.)
تاقە تمەنەكەی قازی محەمەد
بۆ وەزیری ناوخۆكەی، جۆرێكە لە شاگەشگەبوون، شاگەشكەبوون بەوەی لەناو جێبەندێكی مێژوویدا،
وەزیرێك هێندە پاك و بێگەرد كاردەكات بۆ سیستەمەكەی، ئامادەیە هەموو ئەو سامانەی پێشتر
لە بازرگانیدا دەستیكەوتووە خەرجی بكات، بەبێ ئەوەی بۆ یەكجاریش بیر لەوە بكاتەوە
سامانەكەی خۆی لە دەستدەدات، بەڵام تاقە تمەنێكی لەبیر دەمێنێت و هەمیشە دەیگێڕێتەوە
و دەیكات بە چیرۆكی سەربەرزی خۆی. ئەو ئایدیاییە تەنها لە پاكییەوە دروست دەبێت،
پاكییەك كە كەسێكی كورد بۆی گرنگ نییە چەند سامانی خۆی لەدەستداوە لە پێناو خەونێكی
گەلەكەیدا، ئەمما بۆی گرنگە تاقە تمەنێكی لە سەرۆكەكەی وەرگرتووە و لەبیری ناكات و
هەمیشە دەهێڵێتەوە.(مێژووی كورد پڕە لە چیرۆكی جوانی لەم جۆرەی وەزیری ناوخۆی كۆمار.)
_وێنەكە: جەنابی وەزیری
ناوخۆیە، لەگەڵ كوڕەكەی_سلێمانی موعینی.
