شارپرێس:
بە پێی ئەو ڤیدیۆیانەی
بڵاوکراونەتەوە ئیوارەی ئەمرۆ بە موشەک و تەقەی راستەوخۆ هێرشکراوەتە سەر ناوچەیەکی
سنوریی نێوان هەڵەبجە و کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنوری شاخی بەفری میریی و زانیاریەکان
باس لەوە دەکەن تاوەری کۆمپانیاکانی پەیوەندی ئامانجی هێرشەکان بون.
شارپرێس بەدواداچونی
بۆ هێرشەکان کرد و ئەو کەسانەی کە لە سنورەکە بون دەڵێن جگە لەموشەک، هێرشی چەکداری
کراوەتە سەر ناوچەکە و چەند فیشەکێک ئاراستەی نزیک تاوەرەکان کراون بە بێ ئەوەی هیچ
کەس بپێکن، هاوکات هێرشی موشەکی کراوەتە سەر ناوچە سنورییەکە لە سنوری شاخی بەفری
میری کە ناوچەیەکی سەخت و دژوارە و بەهۆی بەرزییەکەیەوە ژمارەیەک تاوەری کۆمپانیاکانی
پەیوندی و ئەنتەرنێتی تێدایە.
سەچاوەکانی
شارپرێس ئاماژەیان بەوەکرد ئامانجی هێرشەکان تاوەرەکان بوە، بەڵام بێ زیان کۆتاییهاتوە
و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتۆتەوە.
تا ئامادەکردنی
ئەم هەواڵە دەزگا ئەمنییەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە هیچ زانیاریەکانیان لەبارەی
هێرشەکانەوە بڵاونەکرۆتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەکانی شارپرێس دۆخی پاریزگاکە بە
تەواوی ئارامە و هیچ مەترسیەک لەسەر ناوچەکە نییە، بەهۆی دوری شوێنی هێرشەکان لە ناوەندی پارێزگاکە و ئاوەدانییەوە.