شارپرێس:
لەدەربڕینێکی سیاسیی توندو پێشبینیکراودا، ئیبراهیم عەلیزادە دهبیرى یەکەمی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران)، نەخشەڕێگەی هێزەکەی بۆ قۆناغی هەستیاری ئێستای ناوچەکە ئاشکرادەکات، عەلیزادە ڕایدەگەیەنێت، ئەوان نابنە بەشێک لەهیچ پڕۆژەیەک کە لەدەرەوەی ئیرادەو بەرژەوەندیی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بێت.
عەلیزادە بەڕاشکاوی ئاماژە بەوەدەکات، ئاڵۆزییەکانی ئێستای نێوان جەمسەرە نێودەوڵەتییەکان بەدەستی ئەوان دروستنەبوەو بۆ بەرژەوەندیی ئەوانیش نییە، وهكو وتى، "ئەم شەڕە شەڕی ئێمە نییە، ئێمە هیچ هاوسۆزییەکمان بۆ بۆردومانکردنی بنکەکانی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵام ناشبینە بەشێک لەو شەڕانەی لەدەرەوەی بەرژەوەندیی خەڵکدایە".
لەپەیامێکی ڕوندا بۆ ئەو لایەنانەی چاویان لەگۆڕانکارییە دەرەکییەکانە، دهبیرى یهكهمى کۆمەڵە جەختدەکاتەوە، کە نابنە بەشێک لەپڕۆژەی ئەمریکاو ئیسرائیل، بەبڕوای ئەو، "ئەوانەی وا وێنای دەکەن کە ئەم جەنگە ئازادیو سەربەستی بۆ خەڵک دەهێنێت، تەنها خەڵک دەخەڵەتێنن".
لەبری چونە ناو بەرەیەک لەبەرەکان، ئیبراهیم عەلیزادە ڕێگەی سێیەم وەک بژاردەی ستراتیژی ڕادەگەیەنێت کە بریتییە لەگەڕانەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، لهڕێگهى خاوەندارێتی پڕۆژەی خەڵکو ڕێکخستنی جەماوەر، ههروهها سیاسەتی سەربەخۆ، بۆ ئهمهش ئامادەسازیی بۆ هەر ئەگەرو گۆڕانکارییەک بكرێت کە هاوشانی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بێت، لهگهڵ ڕەتکردنەوەی پاشکۆیەتی، لهو ڕوهشهوه دهڵێت، "نەک تەنها بۆ کۆماری ئیسلامی، بەڵکو بۆ هەر هێزێکی هەرێمیو نێودەوڵەتی دیکەش".
چاودێرانی سیاسییش ئەم هەڵوێستەی عەلیزادە بەمانۆڕێکی هۆشیارانە لەقەڵەمدەدەن، لەکاتێکدا ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە، کۆمەڵە دەیەوێت ناسنامەو سەربەخۆیی سیاسی خۆی بپارێزێتو ڕێگریی بکات لەوەی، پرسی کورد ببێتە کارتێکی گوشار لەململانێی زلهێزەکاندا.
