شارپرێس:
نەخشەی وزەو
بازرگانی جیهانیی لەدەوری تەوەرە نوێیەکاندا دەخولێتەوە، ناوچە کوردییەکانیش لەڕۆژئاواو
باشورى کوردستان خۆیان لەبەردەم گەورەترین تاقیکردنەوەی مێژوییدا دەبیننەوە، پسپۆڕانی
سیاسیش پێیانوایە، چیتر گوتاری حزبیی بەرتەسک ناتوانێت بەرگەی ئەو گەردەلولە جیۆپۆلیتیکییانە
بگرێت کە ناوچەکە دەگرێتەوە.
لەگوتاری حزبییەوە
بۆ ستراتیژیی نەتەوەیی
ئەزمونەکانی ڕابردوو
ئەوەیان سەلماندوە کە پەرتەوازەیی تاکە درزە کە پڕۆژە نەیارەکان لێیەوە دزە دەکەنە
ناو ماڵی کورد، ئەمڕۆ یەکخستنی گوتاری سیاسییو ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو یەکینەکانی
پاراستنی گەل (یهپهگه) تەنها دروشمێکی سۆزداری نییە، بەڵکو پێویستییەکی حەتمییە
بۆ مانەوە، هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر قامیشلۆ، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێتە لەرزە بۆسەر
هەولێرو بەپێچەوانەشەوە.
کورد؛ هێڵی پێشەوەی
بەرگریی لەجیهان
ڕاپۆرتە ئەمنییەکان
هۆشداریدەدەن کە بۆشایی ئەمنی باشترین ژینگە دەبێت بۆ سەرهەڵدانەوەی تیرۆری جیهانی،
ئەو قارەمانێتییەی لەکۆبانێو ڕەققەو شنگال تۆمارکرا، تەنها بەرگریی نەبوو لەخاک،
بەڵکو پاراستنی ئاسایشی ئەوروپاو جیهانیش بوو لەتیرۆری داعش، لاوازکردنی قەوارە کوردییەکان
یان تێکدانی سەقامگیرییان، بەواتای کردنەوەی دەرگایە بۆ نەوەیەکی نوێی توندڕەوی کە
سنورەکان ناناسێت.
بەرپرسیارێتی مێژویی..
یەکڕیزیی یان فەنابون؟
لەئێستادا، تۆمەتبارکردنی
یەکترو تێکدانی ناوماڵی کورد لەڕێگەی میدیاوە، بەمەترسیدارترین چەک دادەنرێت کە لەدژی
کورد بەکاردێت، چاودێران دەڵێن، "هەر لایەنێکی سیاسیی کە کار بۆ قووڵکردنەوەی
ناکۆکییە ناوخۆییەکان بکات، بەویست یان بێ ویست، خزمەت بەپڕۆژە داگیرکارییەکان دەکات".
سەقامگیریی ناوچە
کوردییەکان وەبەرهێنانێکی ڕاستەوخۆیە لەئاشتی جیهانیدا، کاتەکە هاتوە کە کورد وەک
کاراکتەرێکی ستراتیژییو هاوبەشێکی جێی متمانە مامەڵە بکات، نەک وەک قوربانییەکی پەرتەوازە.
