شارپرێس:
بیابانی (نەخیب) بوەتە گۆڕەپانی ڕوداوێکی ئەمنیی هێندە مەترسیدار کە بێدەنگیی حکومەتی بەغدای بەرەو لێواری شکان بردوە، لەهەنگاوێکی کتوپڕدا، هێزێکی بیانیی تایبەت بەپاڵپشتی چوار هێلیکۆپتەر لەناوچەی ستراتیژیی نێوان کەربەلاو ئەنبار دابەزیون؛ ئۆپەراسیۆنێک کە زیاتر لەداگیرکارییەکی کاتیی دەچێت نەک تەنها جوڵەیەکی سەربازیی ئاسایی.
شەقامو میدیای عێراقی بەسەرقاڵییەکی گەورەوە دەڕواننە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بهڵام لەبیابانەکانی (نەخیب) ڕوداوێکی ئەمنیی تەمومژاویو مەترسیدار ڕویدا، کە هەموو هاوکێشەکانی سەروەریی خستوەتە ژێر پرسیارەوە.
بهگوێرهى زانیارییە دزەپێکراوەکان، هێزێکی بیانی (کە گوماندەکرێت ئەمریکی یان یەکەی تایبەتی ئیسرائیلی بن) بەچوار هێلیکۆپتەر لەناوچەیەکی ستراتیژیی نێوان کەربەلاو ئەنبار دابەزیون.
زانیارییهكان ئاماژه بهوه دهكهن، ئەوەی ئەم ڕوداوە دەکاتە کارەساتێکی نیشتمانیی، ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هێزەیە لەگەڵ سوپای فەرمیی عێراق، کاتێک لیوای 41ی سوپا ویستویانە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان جێبەجێبکەنو لەناسنامەی ئەو هێزە تەمومژاوییە بکۆڵنەوە، ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج، ئەنجامەکەش خوێنی سەربازێکی عێراقی ڕژاوە، فەرماندەی فەوجێکو چەند سەربازێکیش برینداربونو چوار هامەری سوپاش کراونەتە خەڵوز.
چاودێران باس لهوهدهكهن، ئەو ناوچەیەى هێرشكراوهتهسهر سوپاى عێراق، تەنها بیابان نییە، بەڵکو سێگۆشەی زێڕینی نێوان عێراق، سعودیەو ئوردنە، دابەزینی هێز لەوێدا واتای کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوەکانی وشکانیو ئاسمانییە کە بۆ گواستنەوەی چەکو درۆن بەکاردێن، باس لەوەشدەکرێت ئەو هێزە خێوەتو ئامێری پێشکەوتوی چاودێرییان داناوە، ئامانجیان پەکخستنی ئەو درۆنو موشەکانەیە کە گروپە چەکدارەکان لەناوچەکانی ناوەڕاستو باشورەوە بەرەو ئیسرائیلو وڵاتانى دیكه ئاراستەی دەکەن.
ههروهك چاودێران پێیانوایه، بێدەنگیی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دوو ئەگەر دەخاتەڕوو؛ یان حکومەت ئاگاداری ئەو ئۆپەراسیۆنەیەو ناتوانێت ڕایبگەیەنێت، یان سەروەریی وڵات بەجۆرێک پێشێلکراوە کە دامەزراوە ئەمنییەکان لەشۆکێکی گەورەدان، ئەم ڕوداوەش لەکاتێکدایە کە هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆسەر عێراق چونەتە قۆناغێکی جدییەوەو ئەمجۆرە دابەزینە زەمینییانە دەکرێت سەرەتایەک بێت بۆ ئۆپەراسیۆنی لەناوبردنی سەکۆ موشەکیهكان لەناو جەرگەی عێراقدا.
تا کاتی نوسینی ئەم ڕاپۆرتە، نە حکومەتی بەغداو نە هاوپەیمانانیش، هیچ ڕونکردنەوەیەکیان نەداوە، بێدەنگییەک کە لەهاواری دایکانی ئەو سەربازانە بەرزترە کە لەپاراستنی خاکی خۆیاندا بونە قوربانیی هێزێکی نادیار.
