ئێران هێرشیکردەسەر ئازەربایجان

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1569 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەیوەندییەکانی نێوان ئازەربایجان‌و ئێران لەهاوسۆزییەکی دیپلۆماسییەوە گۆڕدرا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی، تەنها كه‌متر له 20 کاتژمێر دوای ئەوەی ئیلهام عەلیێف سەرۆکی ئازەربایجان بۆ گەیاندنی سەرەخۆشی لەباڵیۆزخانەی ئێران بوو، درۆنەکان بونە زمانی گفتوگۆی نێوان هەردوو وڵات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان بەفەرمی ڕایگەیاند، "دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندوەو ناوچەی ناخچیڤانیان کردوەتە ئامانج، هێرشەکان تەنها ئامانجێکی سەربازی نەبون، بەڵکو یەکێک لەدرۆنەکان لەنزیك قوتابخانەیەک کەوتوەتە خوارەوە، ئەوەی دیكه‌شیان فڕۆکەخانەی ناوچەکەی کردوەتە ئامانج".

وه‌كو ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌، ئەو هێرشە تەنها زیانی مادی نەبوه‌، بەڵکو بوەته‌ هۆی برینداربونی دوو کەس‌و دروستکردنی ترس‌و دڵەڕاوکێ لەنێوان خوێندکاران‌و هاوڵاتیانی ناوچەکەدا، باکۆ ئەمە بەبەزاندنی هێڵە سورەکان ناودەبات‌و ئیدانەی توندی هێرشەکەی کردوە.

لەکاردانەوەیەکی خێراو دیپلۆماسیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەباکۆ بانگهێشتکردوه‌ بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتی توند، باکۆ بەڕونی ڕایگەیاند، "ئێمە مافی پاراستنی خۆمان‌و وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانەمان هەیە".

ئەوەی چاودێرانی سەرسام کردوە، کاتی هێرشەکەیە، دوێنێ عەلیێف وەک نیشانەیەک بۆ دۆستایەتی لەباڵیۆزخانەی ئێران بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئاسمانی وڵاتەکەی بە درۆنی ئێرانی دەکوترێت، ئەم ڕوداوە ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە ئاستی متمانە لەنێوان ئەم دوو دراوسێیەدا گەیشتوەتە نزمترین ئاستی مێژویی‌و ناوچەکە لەبەردەم ئەگەری تەقینەوەیەکی نوێدایە.

بەپەلە