شارپرێس:
لهنێوان شەوى ڕابردوو بهرهبهیانى ئهمڕۆدا، ئاسمانی ناوچەکە سوربوو ببوه گۆڕەپانی ئاگرو ئاسن، سوپای پاسدارانی ئێران پەرەی بەهێرشە گشتگیرەکانیداو شەپۆلی 23ى ئۆپەراسیۆنی (بەڵێنی ڕاستگۆی 4)ی ڕاگەیاند، وهكو پاسداران ئاماژهى پێكردوه، ئەمجارە نەک تەنها ئامانجە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل، بەڵکو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاش لەناوچەکەدا ڕاستەوخۆ کەوتونەتە بەر ڕەحمەتی موشەکە بالیستییە نوێیەکانی تاران.
بهگوێرهى بەیاننامە فەرمییەکان، ئەم شەپۆلە نوێیە تەنها هێرشێکی سادە نەبوە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی سەختی تەکنەلۆژیا بوە، لەتەلئەبیبەوە دەنگی زەنگی مەترسی گەیشتوهته شارى كۆنى (بئر السبع)، لەوێدا ناوەندە پێشکەوتوەکانی تەکنەلۆژیا، ئاسایشی سایبەرییو پشتیوانیی سەربازیی ئیسرائیل کراونەتە ئامانجو بنکەکانی (شێخ عیسا، عەلی سالم، جوفێرو ئەزرەق)یش کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە، ڕوبەڕوی بارانی موشەکە سوتەمەنییە شلەو ڕەقەکان بونەتەوە.
دیمەنە بڵاوکراوەکانی سوپای ئێران، کە تێیدا موشەکی وشکانی بۆ دەریا بەرەو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن ئاراستە دەکرێت، وهكو بهرپرسانى ئێرانى دهڵێن، پەیامێکی ڕونی تێدایە، ئهویش "هیچ شوێنێک پارێزراو نییە".
لهو ڕوهوه محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەزمانێکی زبرو توند ڕوی دەمی کردە ترهمپو وتى، "هێشتا قەبارەی ئەو کارەساتە نازانێت کە بەسەر خۆییو سەربازەکانیدا هێناویەتی".
سوپای پاسداران تەنها بەو هێرشانە نەوەستاوە، بەڵکو بەڵێنی سوپرایزی گەورەتر دەدات، لەبەیاننامەیهکدا دهڵێت، "لەڕۆژانی داهاتودا چەکی زۆر پێشکەوتوتر دەخەینەگەڕ کە تائێستا بەکارنەهێنراون".
ئێستا ناوچەکە لەسەر لێواری تەقینەوەیەکی گەورەدایە، ئایا ئەمە سەرەتای کۆتاییە بۆ هەژمونی ئەمریکا لەناوچەکە، یان جەنگێکی سەرتاسەری بەڕێوەیە کە کەس نازانێت کەییو چۆن کۆتایی دێت؟.
کاتێک زەنگی مەترسی لەتەلئەبیبەوە تا بنکە دورەدهستهکانی ئەمریکا لهئیسرائیل دەنگدەداتەوە، وهكو بهرپرسانى باڵاى ئێرانى دهڵێن، پەیامەکە ڕونە: جەنگی سارد کۆتاییهاتو ئێستا سەردەمی باڵادەستیی ئاگرە، لەنێوان بێدەنگیی پڕ لەترسی شارەکانو کڵپەی موشەکە بالیستییەکاندا، تەنها یەک ڕاستی ماوەتەوە؛ ناوچەکە چیتر ناگەڕێتەوە بۆ پێش ئەم شەوەو داهاتوو لەسەر نوکی ئەو موشەکانە دەنوسرێتەوە کە هێشتا ڕەوانە نەکراون.
