دەروازە سنورییەكان دەكرێنەوە.. هاتوچۆو ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئاسایی دەبێتەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1348 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەچەند ڕۆژی داهاتودا سەرجەم دەروازە سنورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەکرێنەوەو دەشڵێت، لەئێستادا هاتوچۆ لەچەند دەروازەیەك ئاسایی بوەتەوە.


یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "دوای ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی لەچەند ڕۆژی ڕابردودا لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی ئەمریکاو ئیسرائیل دروست بون، دەروازە سنورییەکانی نێوان هەرێم و ئێران داخران، تەنیا دەروازەی باشماخ بەکراوەیی مابوەوە، بەڵام لەئێستادا بڕیاری کردنەوەی دەروازە داخراوەکانیش دراوە".

ئاماژە بەوەکراوە، "ڕۆژی 8ی ئاداری 2026، دەروازەی شوشمێ لەتەوێڵە کرایەوە، هەروەها سەرلەئێوارەی 9ی ئاداری 2026، دەروازەی سەیرانبەنیش بەڕوی بازرگانیدا کرایەوە".

یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران ڕونیشیکردەوە، "لەئێستادا لەدەروازەی باشماخەوە رۆژانە 500 بارهەڵگر لەباری ترانزێت و کاڵای ئێرانی دێنە ناوەوەو رێژەکەش لەزیادبوندایە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "بارەکانی ئێران زۆربەیان لەخواردەمەنی پێکهاتون، وەک سەوزە، میوە، شیرەمەنی، جۆرەکانی خواردنەوەی غازی، شەربەت، نەستەلە و بسکیت، لەگەڵ چەندین کاڵای تر پێش دروستبونی گرژییەکان هاوردە دەکران".

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، "چاوەڕوان دەکرێت لەڕۆژانی داهاتودا هەردوو دەروازەی حاجی ئۆمەران و پەروێزخانیش بکرێنەوە  دۆخەکە بەتەواوی ئاسایی ببێتەوە".