ئاڕتی بانک هۆکاری دروستبونی کێشە لەڕاکێشانی پارەی موچە ئاشکرادەکات

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1988 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاڕتی بانک کە یەکێکە لە بەشداربوانی پڕۆژەی (هەژماری من)، لەڕونکردنەوەیەکدا دەڵێت، هۆکاری دروستبونی  کێشە لەڕاکێشانی پارەی موچەی فەرمانبەران زۆری خواستە لەسەر تۆڕی (ATM)کانیان.


ئاڕتی بانک، لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە،" بەهۆی ئەوەی زۆرترین هاوبەشمان هەیە لە پرۆژەی هەژماری من، ئەو متمانەیەش بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە سەر شانمان، بەهۆیەوە لەم چەند رۆژەدا مامەڵەکان لە ئەی تی ئێمەکانمان، کە زیاد لە 250 ئامێرن، زۆر بوە و لەژێر فشارێکی زۆردان، ئەوەش بوەتە هۆی دواکەوتنمان لە پڕکردنەوەیان ".

ئەوەشیخستەڕوو،" دڵنیایی دەدەینە هاوبەشانمان کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ تیمەکانمان هەموو ئامێرەکانی (ئەی تی ئێم)یان لە هەموو شارەکانی کوردستان پڕکردوەتەوە، هەروەها 24 کاتژمێر کار دەکەین بۆ پڕکردنەوەیان و ناوەستین هەتاوەکو هەموو هاوبەشانمان موچە و پارەکانیان وەردەگرن."

هاوکات، بانکەکە باس لەوەدەکات،" وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەم دۆخەدا، هەر لەم مانگەدا بڕیارمان داوە عمولە لەسەر بەکارهێنەران و هەڵگرانی کارتی بانکەکانی دیکەش لە ئەی تی ئێمەکانمان لاببەی ".

ئارتی بانک راشیگەیاندوە، کرێی دەرکردنی کارتی بانکییان بۆ هەموو ئەوانەی هەژماری نوێ دەکەنەوە نەهێشتووە، بەوهۆیەوە، جگە لە هاوبەشانی خۆیان، هاوبەشانی بانکەکانی دیکەش ئامێرەکانیان بەکارهێناوە و گوشاری زیاتر دروستبوە.