شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکان ڕایگەیاند، بەهۆی شەپۆلی بارانبارینەوە ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەتەوەو هۆشداریش دەداتە هاوڵاتییان لەکەناراوەکانی سیروان دور بکەونەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوو کۆگاکانی ئاو لەوەزارەتی کشتوکاڵ ئاماری 24 کاتژمێری ڕابردوی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان تەنیا لەو ماوەیەدا 242 مەتر سێجا ئاو ڕوی لەهەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان کردوە، ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان 83 سانتیمەترو بەنداوی دەربەندیخان 30 سانتیمەتر بەرز بوەتەوە.
سەبارەت بە بەنداوی دهۆک، بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕایگەیاند، بەنداوەکە 2.5 ملیۆن مەتر سێجا داهاتی ئاوی هەبوەو یەک مەتر بەرز بوەتەوە. هەروەها لەسنوری پارێزگای هەولێریش، بەنداوی گۆمەسپان نیو ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێچوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش داوە، زۆربەی بەنداوە بچوک و مامناوەندەکان بەتەواوی پڕ بون.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، بەهۆی زیادبونی بڕی ئاو، بڕیاردراوە ئەمڕۆ بەردانەوەی ئاو لەبەنداوی دەربەندیخان زیاتربکرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ هۆشداریدەداتە هاوڵاتییانو گەشتیاران بۆ پاراستنی سەلامەتییان، لەڕوباریو کەناراوەکانی خواروی بەنداوەکان دوربکەونەوە.
