بارانی دارە زەرد دەبارێت..كەشناسێك وردەكارییەكەی بۆ شارپرێس ئاشكرادەكات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 997 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، چڕبونەوەیەکی زۆر لەسەرجەم ناوچەکانى هەرێمی کوردستان دروست بوەو بوەتە بارانبارینی زۆرو دروستبونی لافاو لەچەم و ڕوبارەکان.


سالاری حاجی عەلی – شارەزای بواری کەشناسی بەشارپرێسی ڕاگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێکە عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری دوو نزمەپاڵەپەستۆی زۆر چڕ لەدەریای ناوەڕاست و دەریای سوور. ئەمەش لەئەنجامی هاتنی شێی زۆر لەزەریای ئەتڵەسی، بەسەر باکوری ئەفریقادا تێکەڵبونی لەگەڵ شێی هەردوو دەریا، کەشێکی بارانی دروستکردوەو دەشڵێت، چڕبونەوەیەکی زۆری لەسەرجەم ناوچەکان دروست کردوەو بوەتە بارانبارینی زۆرو دروستبونی لافاو لەچەم و ڕوبارەکان لەهەندێک ناوچەو شوێن.

وتیشی، کاریگەری ئەم شەپۆلە ئەمڕۆ دوشەممە لاواز دەبێت، بەڵام سبەینێ تا کۆتایی مانگ، شەپۆلێکی تری چڕی بارانبارین ڕوی لەسەرجەم ناوچەکان دەکاتەوەو بارانێکی زۆر دەبارێت.
 ئەم كەشناسە ئەوەش ئاشكرادەكات، لەڕۆژی 26ی مانگەوە قۆناغی چالاکی شەپۆلەکە بەخۆیەوە دەبینێت، پێدەچێت تا کۆتایی هەفتەی داهاتوو ئەم کەشە بارانە بەچەند قۆناغێکی جیا جیا بەردەوام بێت".

ئاماژەی بەوەشكرد،" ڕێژەی بارانبارین زۆرەو پێشبینی دروستبونی لافاو لەهەندێک ناوچە دەکرێت، سەرچاوەی سەرجەم کانیاوەکان دەژێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، تا سەرەتای مانگ، سەرجەم ئاوی کانیاوە درۆزنەکان دەژێنەوە".