شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی هەواڵیی "ئەکسیۆس" کە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە
بڵاوکراوەتەوە، پێنتاگۆن خەریکی ئامادەکردنی بژاردەی سەربازییە بۆ وەشاندنی
"لێدانی کۆتایی" لە ئێران، کە ڕەنگە هێرشی زەمینی و بۆردومانی بەرفراوان
بگرێتەوە.
راپۆرتەکە دەڵێت: ئەم هەنگاوانە لە
کاتێکدایە کە ئەگەری پێکدادانی گەورە زیاد دەکات ئەگەر دیپلۆماسی شکست بهێنێت یان
گەرووی هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە.
ئەوەش هاتووە: هەندێک لە بەرپرسان پێیان وایە پیشاندانی هێزێکی تێکشکێنەر دەبێتە
هۆی بەهێزبوونی پێگەی واشنۆن لە دانوستانەکاندا یان دەرفەتێک دەداتە دۆناڵد ترامپ
بۆ ڕاگەیاندنی سەرکەوتن. لە بەرامبەردا، ئێران ڕۆڵی دەبێت لە دیاریکردنی چۆنیەتی کۆتاییهاتنی
جەنگەکە و زۆرێک لە سیناریۆکان مەترسی درێژخایەنبوونی شەڕیان تێدایە.
دەشڵێت: سوپای ئەمریکا پلانی بۆ ئۆپەراسیۆنی
زەمینی لە قوڵایی خاکی ئێران داناوە بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو
لەناو دامەزراوە ئەتۆمییەکاندا، هەرچەندە بژاردەی هێرشی ئاسمانیش وەک جێگرەوەیەک لەبەرچاو
گیراوە.
تا ئێستا ترامپ بڕیاری کۆتایی نەداوە و کۆشکی سپی ئەم پلانانە بە "گریمانەیی"
ناودەبات، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن ترامپ ئامادەیە بۆ هەڵکشانی گرژییەکان ئەگەر
دانوستانەکان ئەنجامیان نەبێت.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی