شارپرێس:
مەجلیسی پارتی
ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) پشتیوانی خۆی
بۆ پرۆژەی (یەک نەتەوە و یەک چارەنوس) رادەگەیەنێت و دەڵێت،" ئەم هەوڵدانە، وەک تێکۆشانێکی ژیرانە
بۆ یەکخستنی وزە و توانا پەرتبووەکانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەبینین و
بە هەنگاوێکی ستراتیژیی پڕبایەخی دەزانین ".
دەقی پەیامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک):
سەرەتا سڵاو و
پێزانینی خۆمان ئاراستەی ئەو هەوڵە نیشتمانییە دەکەین کە بۆ راگەیاندنی کۆدەنگیی
نیشتمانی خراوەتە روو. ئەم دەسپێشخەرییە لە ساتەوەختێکی مێژوویی و هەستیاردا
راگەیەندراوە کە تێیدا، ناوچەکەمان لە بەردەم گۆڕانکارییەکی مێژوویی و
چارەنوسسازدایە. هەربۆیە ئەم هەوڵدانە، وەک تێکۆشانێکی ژیرانە بۆ یەکخستنی وزە و
توانا پەرتبووەکانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەبینین و بە هەنگاوێکی
ستراتیژیی پڕبایەخی دەزانین.
ئەزموونی تاڵی
مێژووی نەتەوەکەمان ئەوەی سەلماندووە، کاتێک لە هەر وێستگەیەکی چارەنووسسازدا،
پەرتەوازببون و چەندبەرەیی لە نێوماڵی کورد زاڵ بووە، راستەوخۆ رووبەڕووی مەترسیی
لەنێوچوون و لاوازبوونی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بووینەتەوە. ئەم پەرتەوازەییە
هەمیشە دەرفەتی بۆ دوژمنانی گەلەکەمان رەخساندووە، کە ئاسانتر سیاسەت و
پیلانەکانیان لە دژایەتییکردنی کورد جێبەجێ بکەن. لە ئەمڕۆشدا کە ئاڵۆزی و شەڕی
نێوان زلهێزەکان و رژیمە هەرێمییەکان تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە و ڕاستەوخۆ
پەیوەندی بە داهاتووی گەلەکەمانەوە هەیە، نەبوونی یەکڕیزی و پەرتەوازەیی دەتوانێت
گەورەتریین هەڕەشە بێت بۆ سەر کوردستان.
لە بەرانبەریش
دا، مێژووی نزیکی تێکۆشانمان نیشانی داوە، تەنیا یەکدەنگی دەتوانێت هاوسەنگییەکان
بگۆڕێت؛ یەکگرتوویی گەلەکەمان لە شەرمەزارکردنی گەلەکۆمە و پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی
دژ بە کورد و رێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٩، وێنایەکی زیندووی ئەو ئیرادە نەتەوەییە بوو
کە هەموو سنوورەکانی تێپەڕاند. هەروەها، لە رووبەڕووبوونەوەی هێرش و پەلامارەکانی
داعش، یەکڕیزیی هێزەکانمان بووە قەڵغانێکی پۆڵاین بۆ پاراستنی خاکی کوردستان. لە
دوایین ئەزموونیشدا، هەڵوێستی بێوێنەی کورد لە پاراستنی رۆژئاوای کوردستان لە
بەرانبەر هێرش و هەڕەشەکان، بە دروشمی “یەکە یەکە یەکە گەلی کورد یەکە”، هێزی
یەکگرتووی نەتەوەکەمانی نیشانی جیهان دا و سەلماندی کە کۆدەنگیی نیشتمانی تاکە
گەرەنتییە بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی داگیرکەران.
وەک لایەنێکی
سیاسی، نیشتمانیی و کۆمەڵایەتی، کە مێژوویەکمان لە تێکۆشانی دیموکراتیک و
بێپسانەوە بۆ ئازادی و دەستبەرکردنی مافە رەواکانی گەلەکەمان هەیە، بڕوامان وایە
لە کۆتایی دا، ئامانجی هەموو هێزە سیاسییەکان، رێکخراوەکان و
کەسایەتییە نیشتمانییەکان دەبێت لە پێناو بەرژەوەندیی گەلەکەمان بێ و ئەمەش بە بێ
بوونی گوتار و هەنگاوی هاوبەش پێک نایەت. هەر بۆیە، ئەم پڕۆژەیەش کە هەڵقوڵاوی
ویژدانی زیندوی کۆمەڵگەیە و گوزارشت لە ویست و داواکاریی ڕاستەقینەی خەڵکی
کوردستان دەکات بە پێویست و لەجێدا دەبینین. لەم سۆنگەیەوە، پشتیوانیی لایەنە
سیاسییەکان بۆ ئەم دەسپێشخەرییە، بە ئەرکێکی نەتەوەیی و وەڵامدانەوەیەکی ئەخلاقی
بۆ خواستی گەل پێناسە دەکەین.
لە سەر بنەمای
ئەم تێگەیشتن و پێویستییە مێژووییەش، ئامادەیی خۆمان بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە
رادەگەیێنین و پشتیوانیی لێدەکەین. پێشمانوایە ئەم کۆدەنگییە، دەبێ ببێتە
بنەمایەکی پتەو بۆ پێکهێنانی کۆنفڕانسێکی نیشتمانیی گشتگیر. کۆنفڕانسێک کە تێیدا،
هەمووان لەدەوری ستراتیژییەکی هاوبەش بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی نیشتمانی کۆبکاتەوە،
کە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بپارێزێت و داهاتوویەکی گەش، بە مسۆگەرکردنی
هەموو مافەکان و هەروەها پێگەیەکی دیموکراتیک بۆ نەتەوەکەمان دەستەبەر بکات.
مەجلیسی پارتی
ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)
٢٦ی
مارسی ٢٠٢٦
