ئامارێكى گه‌وره‌ى قوربانیانى سه‌ربازانى ئه‌مریكا له‌جه‌نگى ئێراندا ئاشكراده‌كرێت

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2883 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا زەنگی شەڕ لەناوچەکەدا دەنگدەداتەوە، جەستەی سەربازە ئەمریکییەکان دەبێتە گەواهدەری قورسیی ڕوبەڕوبونەوەکان لەگەڵ ئێران، 303 بریندار لەیەکەم ئاماری فەرمیدا، کە چیرۆکی 273 جەنگاوەر دەگێڕێتەوە کە سەرەڕای برینەکانیان، سەنگەرەکانیان چۆڵنەکردوه‌.


لەکاتێکدا دەنگی تەقینەوەو ته‌مومژى شەڕ ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیوە، باجی مرۆیی ئەم ململانێیە بەرەو هەڵکشان دەچێت، نوێترین ئامارە فەرمییەکان کە لەلایەن ئاژانسی ABC Newsی ئەمریکییەوە بڵاوکراونەتەوە، پەردە لەسەر قەبارەی ئەو زیانە جەستەییانە لادەبەن کە بەر هێزەکانی ئەمریکا کەوتون لەڕوبەڕوبونەوە ڕاستەوخۆکانیاندا لەگەڵ ئێران.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بۆ ئاژانسه‌كه‌ى وڵاته‌كه‌ى ئاشکرایکردوە، تاوه‌كو ڕۆژى هەینی، ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لەمیانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا لەگەڵ ئێران توشی پێکان‌و برینداری بون، گەیشتووەتە 303 سەرباز، ئەم ژمارەیەش گوزارشت لەقورسیی ئەو هێرشانە دەکات کە بنکەو شوێنە جیاجیاکانی سوپای ئەمریکایان کردوەتە ئامانج.

لەنێو جەرگەی ئەم هەواڵەدا، لایەنێکی مرۆیی‌و سەربازیی جیاواز دەردەکەوێت؛ لەکۆی ئەو 303 بریندارە، 273 سەربازیان دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی‌و تێپەڕاندنی قۆناغی مەترسی، جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە بۆسەر ئەرکەکانیان‌و بەردەوامن لەخزمەتکردن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە زۆرینەی پێکانەکان سوک بون، بەڵام هاوکات پێداگریی ئەو هێزانە بۆ مانەوە لەمەیدانی جەنگ نیشاندەدات.

بەڵام جەنگ بێ قوربانیی قورس نییە؛ هەمان سەرچاوە پشتڕاستیکردوەتەوە کە 10 سەرباز لەنێو بریندارەکاندا دۆخی تەندروستییان زۆر سەختە، ئەو سەربازانە ئێستا لەژێر چاودێرییەکی وردی پزیشکیدان‌و برینەکانیان قورسه‌و جەستەیان شه‌كه‌ت بوه‌ کە ڕەنگە بۆ هەمیشە لەخزمەتی سەربازیی دوریان بخاتەوە.

ئەم ئامارانەی "ABC News" تەنها ژمارە نین، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستی ئەو جەنگە پڕ مەترسییەن کە ناوچەکەی گرتوەتەوە، لەکاتێکدا زۆربەی بریندارەکان دەگەڕێنەوە بۆ سەنگەرەکانیان، چاوی جیهان لەسەر ئەو 10 جەنگاوەرەیە کە لەنێوان مان‌و نەماندا ململانێ دەکەن‌و پرساری دیكه‌ش ئەوەیە، ئایا ئەم ئامارانە لەڕۆژانی داهاتودا زیاتر هەڵدەکشێن؟.

بەپەلە