شارپرێس:
لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا ترەمپ پیرۆزبایی نەورۆزی لەنێچیرڤان بارزانی کرد و ماڵەکەشی بۆردومان کرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم، دۆناڵد ترەمپ نامەیەکی پیرۆزبایی بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناردووەو تێیدا هاتووە، "نەورۆز، ئاهەنگگێڕانە بە هاتنی بەهار، هەروەها بەرجەستەکردنی سەرکەوتنی هەمیشەییی رووناکییە بەسەر تاریکیدا. ئەم جەژنە دێرینە، گوزارشتێکی ساڵانەی هێزی سەرەتا نوێیەکانە".
هاوکات نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، ئیدانە و ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ هێرشە دڕندانەکەی سەر ماڵی بارزانی لە پارێزگای دهۆک دەربڕی و ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی بارزانی و پابەندبوونی بە پتەوکردنی یەکڕیزی نێوان هەموو عێراقییەکان کرد.
سودانی فەرمانی پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی ئەمنی و تەکنیکی لە دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کرد، بۆ لێکۆکینەوە لە ڕووداوەکە و دەستنیشانکردنی تاوانباران و گرتنەبەری هەموو ڕێکارێکی یاسایی پێویست بەرامبەریان.
