شارپرێس:
مەسعود بارزانی لەبارەی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان پەیامێک ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکات و دەڵێت،" دەستەڵاتدارانی عێراقی دەبێ خۆیان یەكلایی بكەنەوە یان ئەوەتا ڕایبگەیێنن كە لە توانایاندا نیە ڕێگری لەو گروپە لەیاسابەدەرانە بكەن، یانیش دەبێ ئیجرائاتی جددی بكەن كە چیتر ڕێگە نەدرێت پەلامار و هێرشی ناڕەوا بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان ".
مەسعود بارزانی لەپەیامێکدا دەڵێت،" هەرێمی كوردستان
هیچ كات بەشێك نەبووە لەو كێشە و گرژی و شەڕانەی لە ناوچەكەدا هەیە بەڵام بەداخەوە
كۆمەڵێك خەڵك هەن بە بێ ئەوەی كەس ڕێگرییان لێ بكات، تەركیزی سەرەكییان ئەوەیە چۆن
و بە چ ڕێگەیەك دژایەتیی هەرێمی كوردستان بكەن و هەمیشە بەناهەقی پەلاماری هەرێم و
پێشمەرگە دەدەن و دەبنە هەڕەشە لەسەر ژیان و سەقامگیریی خەڵكی كوردستان ".
ئەوەشیخستەڕوو" بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو دەیانجار
بە زوڵم و بە بێ پاساو بە درۆن و بە موشەك پەلاماری هەرێمی كوردستان و بارەگاكانی پێشمەرگەیان
داوە و خەڵكی بێگوناحیان شەهید و بریندار كردووە ".
وتیشی،" لەوەتای ئەو شەڕەش دەست پێكراوە زیاتر لە
450 جار بە موشەك و بە درۆن هێرشیان كردۆتە سەر هەرێمی كوردستان و بارەگاكانی هێزی
پێشمەرگەی كوردستان. هەر لەو ماوەیە پێنج جار هێرشیان كردۆتە سەر بارەگای ئێمە، بەڵام
بێدەنگەمان لێ كردووە بۆ ئەوەی دڵەڕاوكێ و تووڕەیی لەناو جەماوەر دروست نەبێت. دوێنێش
لە شاری دهۆك بە درۆن پەلاماری ماڵی سەرۆكی هەرێمیان داوە. بابەتەكە ماڵ یان بارەگای
كەس نیە، هەموو شوێنێكی كوردستان و هەموو ماڵی كوردستانیان لای ئێمە بەهای هەیە ".
بارزانی باسی لەوەشکرد،" ئەو جۆرە هێرشانە شەڕفرۆشتنێكی
ئاشكران و زوڵمێكی گەورە و زێدەڕۆیی و ناهەقیەكی گەورەن بەرانبەر هەرێمی كوردستان و
دەبێ چارەسەرێكی جددی و یەكلاكەوەرییان بۆ دابنرێت. لە ڕاستیدا ئەمە بە ئیدانەكردن
و تەلەفۆن و بروسكە و لیژنە چارەسەر نابن. دەستەڵاتدارانی عێراقی دەبێ خۆیان یەكلایی
بكەنەوە یان ئەوەتا ڕایبگەیێنن كە لە توانایاندا نیە ڕێگری لەو گرووپە لەیاسابەدەرانە
بكەن، یانیش دەبێ بە جددی بێنە سەر هێڵ و پارێزگاری لە دەوڵەت بكەن و ئیجرائاتی جددی
بكەن كە چیتر ڕێگە نەدرێت پەلامار و هێرشی ناڕەوا بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان ".
مەسعود بارزانی راشیگەیاند،" لێردەدا دووپاتی دەكەینەوە،
گەلی كوردستان بە ئیرادەیەكی پۆڵایین بەرگری لە پەیامی ئاشتیانە و دۆزی ڕەوای خۆی دەكات
و هیچ هەڕەشە و پەلامار و دوژمنێك نەیتوانیوە و ناتوانێ ئەو ئیرادەیە بشكێنێت ".
