شارپرێس:
دوای ئەوەی باڵیۆزخانەی
ئەمریکا لەبەغدا رایگەیاند کە بەشێک لە فەرماندەی گروپە چەکدارەکان بەڵگەنامەی
فەرمییان هەیە کە فەرمانبەری حکومەتی عێراقن، وەزارەتی دەرەوەی عێراق هاتەدەنگ و
دەڵێت، عێراق بەشێک نییە لەو شەڕەی لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق
لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" حکومەتی عێراق جەختدەکاتەوە کە هەندێک
لایەن پێچەوانەی راسپاردەکانی دەوڵەت رێکاری تاکلایەنە دەگرنەبەر و پێگە و پۆستەکانیان
بۆ کارێک بەکاردەهێنن کە گوزارشت بە سیاسەتی فەرمی وڵات ناکات ".
ئەوەشیخستەڕوو، ئەو هەڵسوکەوتە
تاکلایەنانەی لەلایەن کۆمەڵێک گروپە ئەنجامدەدرێن، دەرچون لە یاسا و بەهیچ جۆرێک
پەیوەندییان بە حکومەتی عێراق و دامەزراوەکانییەوە نییە.
وەزارەتی دەرەوە باسی لەوەشکرد،
عێراق نایەوێت ببێتە بەشێک لەو شەڕە، سەرباری ئەوەی یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین
کاریگەری ئەمنی و ئابوری و سیاسی بەسەریەوە هەبوە .