شارپرێس:
یاسایەک کە 23 ساڵە لەهەرێمی کوردستان وەک دەقێکی گرنگ کاری پێدەکرێت، لەفەراغی پەرلەمانداو بەبڕیارێکی کارگێڕیی کەنارخراو كارى پێناكرێت، پاش تێپەڕبونی زیاتر لەدوو دەیەی یاسایی، فەرمانگەیەکی سەر بەحکومەت جێگەی دامەزراوەی یاسادانانی گرتەوەو پشویەکی ڕەسمی هەموارکراوی پەرلەمانی کوردستانى بەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ بنەمایەکی دەستوریی، هەڵوەشاندەوە.
لەهەرێمێکدا کە ساڵانێکی درێژە شانازیی بەهەبونی پەرلەمانو دامەزراوەی یاسادانانەوە دەکات، ئێستا لەغیابی ئەو دامەزراوەیەدا، بنەماکانی دەوڵەتی یاسا، ڕوبەڕوی مەترسییەکی جیدی بونەتەوە، دوایین نمونەی ئەم کێشە قووڵە، هەڵوەشاندنەوەی پشوی فەرمیی (9ی 4 ـ ساڵڕۆژى ڕوخانى ڕژێمى بهعسى عێراق) بوو بەبڕیارێکی کارگێڕیی (بێئهوهى لایهنى بڕیاردهر دیاریكرابێت) کە لەبنەڕەتدا بەیاسایەکی پەرلەمان چەسپێنراوە.
یاسا بەفەرمان هەڵدەوەشێتەوە!
بهگوێرهى یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 2003 کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوە، ڕۆژی 9ی نیسان وەک ڕۆژی ڕزگاربونی عێراق لەستهمكاریىو دیکتاتۆری، پشوی فەرمییە، بەڵام لەبڕیارێكى چاوەڕواننەکراودا، فەرمانگەیەک بەناوی (میدیاو زانیاریی) کە تەنها باڵێکی ڕاگەیاندنی حکومەتە، ئەو پشوەی هەڵوەشاندەوە.
شارهزایانى یاسایی پێیانوایه، ئەو هەنگاوە لەڕوی یاساییەوە بەپێشێلكارییهكى زۆر گەورە دادەنرێت؛ چونکە لەهیچ سیستەمێکی دیموکراسیدا، فەرمانگەیەکی کارگێڕیی، ناتوانێت دەستکاری دەقی یاسایی بکات کە لەدەسەڵاتی یاسادانان (پهرلهمان)هوه دەرچوبێت.
فەراغی پەرلەمانیو هەڕەشە لەدیموکراسی
شارەزایانی یاسایی ئاماژە بەوەشدەکەن، پاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیو نەمانی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانو دواتریش ئهنجامدانى ههڵبژاردنو نهتوانینى كاركردنهوهى پهرلهمان بۆ كۆبونهوهو كاره ئاساییهكانى، هەرێم کەوتوەتە ناو فەراغێکی یاسایی مەترسیدارهوه، لەم دۆخەشدا، دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) کەوتوەتە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی پەرلەمان.
ئەم پێشێلكارییه، بهبڕواى شارهزایانى یاساییى، تەنها گۆڕینی پشویەک نییە، بەڵکو پەیامێکی ترسناکەو دهڵێت، "ئەگەر پەرلەمان نەبوو، حکومەت دەتوانێت هەر یاسایەک کە نەیویست، بەبەیاننامەیەک ڕایبگرێت"، ئەمەش بنەمای (جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان) دەخاتە ژێر پرسیارو دەسەڵاتی ڕەها دەداتە دەست دامەزراوە کارگێڕییەکان.
بۆچونی یاساناسان
یاساناسان جەختدەکەنەوە کە یاسا لەسەروی بڕیاری حکومەتەوهیه، بۆ گۆڕینی هەر وشەیەکی ناو یاساکەی ساڵی 2003ش، دەبێت پەرلەمانێکی هەڵبژێردراو کۆببێتەوەو هەموارەکەی پەسەندبکات، دەرکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیە بێ ئاماژەدان بەهیچ سەرچاوەیەکی یاسایی، بێڕێزییەکی ئاشکرایە بەمێژوی یاسادانان لەهەرێمی کوردستان.
بەرەو کوێ؟
وهكو شارهزایانى یاسایى جهختى لهسهردهكهنهوه، ئەمڕۆ پشویەک هەڵدەوەشێتەوە، ڕەنگە سبهینێ یاسایەکی دارایی یان کۆمەڵایەتی بەهەمانشێوە دەستکاریی بکرێت، بێدەنگی لەئاست ئەم پێشێلکارییەشدا، دەبێتە عورفێکی سیاسیی کە تێیدا حکومەت دەبێتە یاسادانەرو جێبەجێکار لەیهك كاتدا.
لهو ڕوهشهوه دهپرسن، کاتێک فەرمانگەیەک بتوانێت یاسایەکی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، ئایا پێویستمان بەهەڵبژاردنی پەرلەمانو خودى دامهزراوهى پهرلهمان دەبێت، یان بڕیارە کارگێڕییەکان جێی هەموو شتێک دەگرنەوە؟.
دواجار، شکاندنی شکۆی یاسایەک کە زیاتر لەدوو دەیەیە کاری پێدەکرێت، نیشانەی تێکچونی هاوسەنگیی نێوان دەسەڵاتەکانە، ئەمڕۆ بەبەیاننامەیەکی فەرمانگەیەک کۆتایی بەبڕیارێکی مێژویی پەرلەمان هێنراو ئەمەش دەیسەلمێنێت کە لەهەرێمی کوردستاندا، پارێزگاریکردن لەیاسا بوەتە قوربانیی ئەو فەراغە گەورەیەی کە پەکخستنی دامەزراوەی یاسادانان لەدوای خۆی جێیهێشتوە.
