شارپرێس:
هەریەکە لەرەوتی هەڵوێستی نیشتمانی و یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری بڕیاریاندا
بەشداربن لە دانیشتنەکەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق، کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆک
کۆمار و دەڵێن،" دەنگ بە موسەننا ئەمین دەدەین بۆ بون بە سەرۆک کۆمار ".
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لەڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا ڕایدەگەیەنن،" لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی نیشتمانی و دەستوریمان،
و لەجێبەجێکردنی پابەندبونی دڵسۆزانەمان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی و خزمەتکردنی
گەلەکەمان، ویست و ئیرادەی نەگۆڕی خۆمان بۆ بەردەوامبون لەجێبەجێکردنی مەرجە دەستورییەکان
بەبێ دواکەوتن و دودڵی دوپاتدەکەینەوە ".
لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، لەو چوارچێوەیەدا لایەنە
ئاماژەپێکراوەکان بەشداریی خۆیان لە دانیشتنی سبەینێ، ١١ی نیسانی ٢٠٢٦، کە تایبەتە
بە هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار ڕادەگەیەنن، کە بە هەنگاوێکی سەرەکی دەزانن بەرەو گێڕانەوەی
کارکردنی دروستی دەستور و ڕێگەخۆشکردن بۆ هەوڵی جددی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا کە
توانای جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکانی هەبێت و بەدیهێنانی خواستەکانی هاوڵاتیان بۆ
ئاسایش و سەقامگیری و بۆ ژیانێکی شکۆمەندادە.
راشیدەگەیەنن،"
ئەم لایەنانە دوپاتی دەکەنەوە کە کاندیدی خۆیان هەیە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، کە
دکتۆر (موسەننا ئەمین)ە بە پشتبەستن بە قەناعەتیان بە لێهاتویی و توانای هەڵگرتنی ئەم
بەرپرسیارێتییە نیشتمانییە لەم قۆناغە هەستیارەدا ".
ئەوەش هاتوە،"
ئێمە پێمان وایە بەردەوامی بەربەستکردنی ئەو شایستانە ئیتر ڕەوا نییە، بە لەبەرچاوگرتنی
کاردانەوە نەرێنییەکانی کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیان و بژێوی هاوڵاتیان هەیە
و زیاتر ئەو تەحەددایانەی ڕوبەڕوی وڵات دەبنەوە ئاڵۆزتر دەکەن، بۆیە بانگەوازی خۆمان
بۆ هەموو هێزە نیشتمانییەکان دووپات دەکەینەوە کە بەرپرسیارێتی مێژویی خۆیان هەڵبگرن
و بەرژەوەندییەکانی وڵات لە پێشینە دابنێن و هەنگاو بنێن بۆ کۆتاییهێنان بەو بنبەستە
سیاسیە ".
