شارپرێس:
سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران،
هێشتا جموجۆڵی دەریایی لە گەرووی هورمزدا بە کۆتوبەندێکی توندەوە ماوەتەوە.
ئەم گەرووە کە بە گرنگترین ڕێڕەوی
وزە لە جیهاندا دادەنرێت، ئێستا بەدەست قەیرانی متمانە و دوودڵی کۆمپانیاکانی
گواستنەوەوە دەناڵێنێت، بەتایبەت دوای ئەوەی تاران باسی لە سەپاندنی ڕەسمی تێپەڕین
کردووە کە ناڕەزایەتییەکی نێودەوڵەتیی گەورەی لێکەوتۆتەوە.
زانیارییەکانی پێگەی مارین ترافیک ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنیا یەک تانکەری
نەوتی غەیرە ئێرانی لە ڕۆژی پێنجشەممەدا بە گەرووەکەدا تێپەڕیوە، ئەمەش یەکەمین هەنگاوی
لەو شێوەیەیە لە دوای وەستانی شەڕ، لە کاتێکدا لە ماوەی نێوان شەوی سێشەممە تا
چوارشەممە تەنیا 2 تانکەری ئێرانی و 6 کەشتیی بارهەڵگر تێپەڕیون.
ئەم ژمارانە بە بەراورد بە دۆخی پێش جەنگ، کە تێیدا ڕۆژانە نزیکەی 120 کەشتی
پێیدا تێدەپەڕین، نیشاندەری سستییەکی گەورەن.
بەپێی پێشبینییەکانی شرۆڤەکارانی ناوەندی کێپلەر، تەنانەت لە ئەگەری بەردەوامی
ئاگربەستیشدا، ڕەنگە ئاستی تێپەڕین لە نێوان 10 بۆ 15 گەشتدا بمێنێتەوە، ئەمەش
واتای ئەوەیە گەرووەکە هێشتا فرسەخێک لە دۆخی ئاسایی خۆیەوە دوورە.
ترس لە بوونی مینی دەریایی کە سوپای
پاسدارانی ئێران هۆشداریی لێداوە، بووەتە ڕێگرێکی سەرەکی، بە جۆرێک یەکێتیی خاوەن
کەشتییەکانی ئەڵمانیا داوای گەرەنتی ئەمنیی ڕاستەقینە دەکەن پێش ئەوەی ڕێگە بە کەشتییەکانیان
بدەن دەست بە جموجۆڵ بکەنەوە.
لایەنی ئێرانیی پێشنیاری کردووە کەشتییەکان
ڕێڕەوی دەوروبەری دوورگەی لارک بەکاربهێنن بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسی مینەکان، بەڵام
ئەمە پێویستی بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزی دەریایی پاسەوانان هەیە.
ئەوەی دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە، هەوڵی ئێرانە بۆ سەپاندنی ڕەسمی تێپەڕین کە
دەگاتە 2 ملیۆن دۆلار بۆ هەر تانکەرێک و پێویستە بە دراوی دیجیتاڵی بدرێت. فەڕەنسا
و یۆنان ئەم هەنگاوەیان بە نایاسایی و مەترسیدار وەسف کردووە و پێیان وایە دەبێتە
پێشینەیەکی خراپ بۆ تێکدانی ئازادی گەشتیی دەریایی، جگە لەوەی پارەکە بۆ پاڵپشتی
دارایی ڕژێمی ئێران بەکاردێت.
لە ڕووی لۆجیستییەوە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای
هاباگ لوید پێیوایە گەڕانەوە بۆ خشتەی ئاسایی کارکردن پێویستی بە 6 بۆ 8 هەفتە کات
هەیە، چونکە بابەتەکە تەنیا جووڵەی ئەو کەشتیانە نییە کە پەککەوتبوون، بەڵکو پەیوەستە
بە ڕێکخستنەوەی کاتی بەندەرەکان و نرخەکانی دڵنیایی کە بەهۆی مەترسییەکانەوە بە شێوەیەکی
خەیاڵی بەرزبوونەتەوە.
ئێستا ئێران بە کردەیی کۆنترۆڵی ئەم دەروازە جیهانییەی لەدەستە، ئەمەش دۆخێکی
نوێیە کە ناوەندە توێژینەوەکانی ئەمریکا بە مەترسیدار و قبوڵنەکراوی دەزانن، چونکە
هەمیشە وەک ڕێڕەوێکی نێودەوڵەتیی ئازاد مامەڵەی لەگەڵ کراوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی