شارپرێس:
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، پێنتاگۆن لەڕۆژانی داهاتودا هەزاران سەربازی دیکە دەنێرێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوكات، چەند بەرپرسێكی ئەمریكی ئەوەیان ئاشكراكردوە كە پلاندانەرە سەربازییەکان خەریکی داڕشتنی سیناریۆی دیکەن، لەوانەش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی وشکانی لەناو خاکی ئێران.
بەرپرسانی سەربازی کە بەڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیان ڕاگەیاندوە، ئەو هێزە نوێیانە بریتین لە 6,000 سەرباز لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس جۆرج وۆکەر بوش و 4,200 سەربازی دیکەی یەکەی 11ی مارێنز لەسەر کەشتییەکانی گروپی بۆکسەر.
ئاماژەیان بۆ ئەوەشكردوە، كە ئەم هێزانە دەچنە پاڵ ئەو 50 هەزار سەربازەی ئەمریکا کە لەچەند هەفتەی ڕابردودا لەئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێراندا بەشدار بون.
واشنتن پۆست دەشڵێت، هاوکات لەگەڵ گەمارۆکە، پلاندانەرە سەربازییەکان خەریکی داڕشتنی سیناریۆی دیکەن، لەوانەش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی وشکانی لەناو خاکی ئێران.
بەرپرسان بەڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندوە، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ باسیان لەئەگەری دابەزاندنی هێزەکانی مارێنز لەکەناراوەکان بەمەبەستی کردنەوەی تەنگەی هورمز، کۆنترۆڵکردنی دورگەی خارک و تەنانەت ئۆپەراسیۆنی تایبەت بۆ دەرهێنانی مادە ئەتۆمییەکانی ئێران کردوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، سەرەتای ئەم هەفتەیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەمارۆی دەریایی بەسەر هەموو ئەو کەشتیانەدا سەپاند کە دەچنە بەندەرەکانی ئێران یان لێیانەوە دەردەچن.