شارپرێس:
ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە جارێكی دیكە مەحکومکردنی هێرشە موشەکی و درۆنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپەکانی پەنابەران لەهەرێمی کوردستان دوپاتكردەوەو بۆ ڕای گشتی ئاشكرایكرد، کەمپی سورداش، یەکێکە لەو شوێنانەی کە بەفەرمی لە لایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوەو لەهاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ نیشتەجێکردنی بنەماڵەکانی چالاکوانانی سیاسیی کوردستانی ئێران دامەزراوە و بەفەرمی ناسراوە.
ڕاگەیاندنی كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵە لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئەو کەمپانەی کە شوێنی ژیان و نیشتەجێبونی پەنابەرانی کوردستانی ئێرانن لەهەرێمی کوردستان، بەردەوام بێوەستان درێژەی هەیە.
ئەوە ئاشكرادەكات، كەتەنانەت هێوربونەوەی کاتیی ئاگری جەنگ و ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لەنێوان کۆماری ئیسلامی لەلایەکەوە و ئەمریکاو ئیسرائیل لەلایەکی دیکەوە، کەمترین کاریگەری لەوەستاندنی ئەم هێرشە تاوانکارانە بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان نەبوە.
لەدرێژەی بەیاننامەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، كە لەئاکامی ئەم هێرشانەدا، هەم لەناو خەڵکی بێبەرگری هەرێمی کوردستان و هەم لەناو چالاکوانانی سیاسی و پەنابەرانی کوردستانی ئێران کە لەهەرێمی کوردستان دەژین، ژمارەیەکی زۆر گیانیان لەدەست داوەو بریندار بون، تازەترین نمونەی ئەم تاوانانە، هێرش بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی سورداش بوو؛ هێرشێک کە جگە لەچەند بریندار بوو بەهۆی گیانلەدەستدانی مەزلومانەی کچی گەنج و تێکۆشەر غەزال مەولانی؛ کە لەڕیزەکانی «کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا چالاکی دەکرد.
غەزال مەولانی ئەمڕۆ لەگۆڕستانی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە لە شاری سلێمانی، ئەسپەردە کرا.
كۆمەڵە لەبەیاننامەكەیدا ڕونكردنەوە لەوەش دەدات، كەهەروەک چەند جار جەختمان لەسەر کردوەتەوە، ئەم هێرشانە بۆ سەر شارەکان، ماڵەکانی خەڵک، ناوەندەکانی کۆبونەوەی مەدەنی و ئوردوگاکانی پەنابەران، تاوانێکی ئاشکرایەو هیچ پاساوێکی سیاسی، سەربازی یا ئەمنی نییەو ئەوەش بۆ ڕای گشتی دوپاتدەكاتەوە، كە کەمپی سورداش، کە بۆ چەندەمین جار دەبێتە ئامانجی موشەک و درۆنەکانی کۆماری ئیسلامی، یەکێکە لەو شوێنانەی کە بەفەرمی لە لایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوەو لەهاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ نیشتەجێکردنی بنەماڵەکانی چالاکوانانی سیاسیی کوردستانی ئێران دامەزراوە و بەفەرمی ناسراوە.
لەكۆتایی بەیاننامەكەشدا دەڵێت، هێرش بۆ سەر شوێنێکی وا، دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆ و ئاگاهانەیە بۆ سەر گیان و ئاسایشی ئەو پەناخوازانەی کە خۆیان لە چنگی سەرکوت و ڕاونانی کۆماری ئیسلامی هەڵاتون و لەم ناوچەیە بەشوێنی پەنا و ئاسایشدا گەڕاون، ئێمە ئەم تاوانانەی کۆماری ئیسلامی لە خاکی هەرێمی کوردستان بە توندترین شێوە مەحکوم دەکەین.
کۆمەڵە جەختیش دەكاتەوە، كە خۆی لەبەرامبەر ئاسایش و ئارامیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، و بە تایبەتی لەبەرامبەر گیان و چارەنوسی پەنابەرانی سیاسیی کوردستانی ئێران کە لەم ناوچەیە دەژین، پابەندو بەرپرس دەزانێت، ئێمە بە ڕونی ڕادەگەیەنین کە ئەمجۆرە هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بۆ سەر کەمپ و شوێنەکانی نیشتەجێبونی پەنابەرانی سیاسی، هیچ جۆرە پاسوێکیان نییەو لەڕوانگەی ئێمەوە بە تاوانی جەنگی و پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤایەتی پەناخواز و هاوڵاتیانی مەدەنی دادەنرێت و بە توندی مەحکومە.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە دەشڵێت،" بە نیهایەتی داخ و خەمەوە، بە بۆنەی گیانلەدەستدانی مەزلومانەی کچە گەنجی تێکۆشەر غەزال مەولانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی داغداری ئەو ئازیزە، لە هاوڕێکانی لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا دەکات و رێز لەیادی دەگرێت".
جارێكی دیكە دوپاتدیەكەنەوە، كە ئەوان بەردەوامن لەسەر لەقاودانی هەرچی زیاتری ئەم تاوانانە، بەرگری لەئاسایش و مافەکانی پەنابەران، و فراوانکردنی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو قوربانیانی سەرکوت و جەنگ لە ناوچەکەدا؛ هاوکات لە هەموو هێزە پێشکەوتنخواز و ئازادیخوازەکان دەخوازین لەبەرامبەر ئەم دەستدرێژییانە بێدەنگ نەبن.