شارپرێس:
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، ئەوروپا تەنیا بەشی شەش هەفتە سوتەمەنی پێویستی فڕۆكەی ماوەو دەڵێت، ئەگەر دابین نەکردنی نەوت بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بەردەوام بێت ئەوە گەشتەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە.
فاتح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ئەوروپا تەنیا بۆ ماوەی شەش هەفتە سوتەمەنی پێویستی فڕۆکەی ماوە، هۆشداریشیدا، ئەگەر دابین نەکردنی نەوت بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بەردەوام بێت ئەوە گەشتەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە.
فاتح بیرۆڵ بەئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێسی ڕاگەیاندوە، داخستنی گەروی هورمز گەورەترین قەیرانی وزەی لەجیهان دروست کردوە، چونکە بوەتە هۆی پچڕانی دابینکردنی نەوت و گاز بۆ بازاڕەکانی جیهان.
ئاماژەی بەوەشدا، تا دۆخەکە زیاتر درێژە بکیشێت، قەیرانەکە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئابوری جیهان دەبێت، کاریگەرییەکانی لەسەر گەشەکردن و هەڵاوسان خراپتر دەبێت.
بیرۆڵ جەختی لەوەشکردەوە، ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت، وڵاتانی تازەپێگەیشتو بەتایبەتی وڵاتانی ئاسیاو ئەفریقا و ئەمەریکای لاتین دەبن، بەڵام ئەگەر گەروی هورمز بۆ هەمیشەیی نەکرێتەوە، هەموو وڵاتان کاریگەرییان لەسەر دەبێت و هیچ وڵاتێک لەم قەیرانە بەدەر نابێت.
بیرۆل ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامی داخستنی گەروەکە تاکۆتایی مانگی ئایار زۆرێک لەوڵاتان بەتایبەت ئەوانەی لاوازن توشی هەڵاوسانێکی بەرز و خاوبونەوەی ئابوری یان پاشەکشەی گەشەسەندن دەکات.
