شارپرێس:
لەنوێترین پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێرانو ئەمریکا، سەرچاوە
باڵاکانی ئێران پەیامێکی هەڕەشەئامێزی توندیان ئاراستەی هێزە ئەمریکییەکان کردوهو
ڕایانگەیاندوه، گەروی هورمز بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە.
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیو سیاسی ئێران ئاشكرایكردوه، پەیامی هێزە چەکدارەکانی
ئێران بۆ هێزە ئەمریکییەکان ڕونەو دەڵێت، "پێشڕەوی بکەن، دەکرێنە
ئامانج"، هاوکات هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەسەڵاتی خۆی بەسەر گەروەکەدا سەپاندوەو
نەخشەیەکی نوێی بۆ سنورە جوگرافییەکانی گەروی هورمز دیاریکردوە کە لەنێوان کەناراوەکانی
ئێرانو هەریەکە لە(فوجەیرەو ئوم ئەلقەیوەین) لەئیمارات دەستپێدەکات.
ئەم هەڵوێستەی تاران دوای ئەوەدێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی
(پرۆژەی ئازادی) بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەشتیانەی لەهورمز گیریانخواردوە ڕاگەیاندو ئێوارهى
دوێنێش ههڕهشهى سڕینهوهى ئێرانى لهسهر نهخشه كرد.
لەبەرامبەردا، ئێران بەفەرمی مەرجەکانی ئەمریکای بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمو
ئازادکردنی هاتوچۆی گەروەکە ڕەتکردەوەو پێشنیازێکی 14 خاڵی وەک هێڵی سور پێشکەشکردوە
کە تێیدا جەختدەکاتەوە، تا ڕێککەوتنی کۆتایی نەبێت، گەروی هورمز ناکرێتەوە.
یەکێک لەخاڵە گرنگەکانی ئەم ململانێیە ئەوەیە کە ئێران پرسی ڕاگرتنی شەڕ لەلوبنانیشی
خستوەتە ناو ناوەڕۆکی گفتوگۆو ڕێکارە سیاسییەکانی، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە تاران
دۆسیە هەرێمییەکان بەستراوەی یەکتر دەبینێت.
لەناوخۆی ئێرانیشدا، میدیاکان باس لەکۆبونەوەی جەماوەریی
فراوان لەگۆڕەپانی (شۆڕش) دەکەن وەک نیشانەیەک بۆ پشتیوانیی گەل لەبڕیارە سەروەرییەکانی
دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان لەبەرامبەر فشارەکانی ئەمریکا.
