سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 232 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

 

شارپرێس:

ئێوارەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە به‌رده‌واميى دیدارەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی سیاسی و یاساییی وڵات و ڕۆڵی دامەزراوەی ياسادانان لە پشتیوانیکردنی سەقامگیری تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی لێکگەیشتنی نێوان هێزە سیاسییەکان و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتیی وڵات بکات.

هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە قۆناغی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە بێت و کارکردن بۆ پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە و مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان دەپارێزن، لە پێشینەی کارەکانی پەرلەمان و حکوومەتدا بێت.

 

لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لە پێویستیی یەکخستنی دیدگاکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی مافی هاووڵاتییان.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دۆخی ناوچەکە و لێكه‌وته‌كانى، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو. تیایدا جەخت لە پاراستنی ئارامى و سه‌قامگيرى و بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و تێوه‌نه‌گلانى له‌ ئاڵۆزييه‌كان، کرایەوە.