خەلیل حەییە پیاوە نوێیەکەی غەززەو نزیکترین کاندید بۆ لوتکەی حەماس

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2080 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بزوتنەوەی حەماس قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەنجامداو چەند گۆڕانکارییەکی لەپۆستەكانى سەرکردایەتیكردنیدا ڕاگەیاند، به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە میدیاییەکان، خەلیل حەییە وەک ڕێبەری نوێی بزوتنەوەکە لەکەرتی غەززە هەڵبژێردراوە، لەکاتێکدا خالید مەشعەل لەپێگەی خۆی وەک سەرۆکی حەماس لەدەرەوە ماوەتەوە.


به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كان، بونی خەلیل حەییە بەڕێبەری غەززە، هەلەکانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس (کە بەرزترین پۆستی بزوتنەوەکەیە) بەهێزتر دەکات‌و زاهیر جەبارین وەک بەرپرسی دۆسیەی کەناری ڕۆژئاوا دەستنیشانکراوه‌، وەک جێگرەوەی ساڵح عاروری کە لەهێرشێکی ئیسرائیلدا لەلوبنان کوژرا.

چاودێران باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئەم هەڵبژاردنە سەرەتاییانە وەک ئامادەکارییەک دەبینرێن بۆ دیاریکردنی سەرۆکی داهاتوی مەکتەبی سیاسیی، چاوەڕواندەکرێت کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان خەلیل حەییەو خالید مەشعەلدا بێت، کە ئەمەش ڕەنگە نەخشەی سیاسیی ناوخۆیی حەماس لەهەفتەکانی داهاتودا سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە.

ئەم گۆڕانکارییانە لەکاتێکدان کە دانوستانەکان بەنێوەندگیریی نێودەوڵەتی (بەتایبەت نیکۆلای مێلادینۆڤ) گەیشتونەتە بنبەست، حەماس مەرجی پێشکەوتنی دانوستانەکانی بەستوەتەوە بەجێبەجێکردنی تەواوەتی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکان، لەهەمانکاتدا پرسی داماڵینی چەک ڕەتدەکاتەوە مەگەر لەچوارچێوەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستیندا بێت.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژە بەئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان دەکەن، بەبیانوی ئەوەی حەماس پابەند نەبوە بەمەرجەکانی بێچەککردنی ناوچەکە، ئەمەش ئاسۆکانی گەیشتن بەئاگربەستێکی درێژخایەنی لێڵ کردوە.

بەپەلە