شارپرێس:
تۆڕی هەواڵی (سی بی ئێس نیوز)ی ئەمریکی لەزاری بەرپرسانی باڵای وهزارهتى بەرگریی وڵاتهكهوه بڵاویکردەوە، سێ تێکشکێنەری هێزی دەریایی ئەمریکا لەکاتی تێپەڕبونیان بەگەروی هورمزدا، ڕوبەڕوی زنجیرەیەک هێرشی ئێران بونەتەوە کە بە "سەختترینو دژوارترین" هێرشەکانی ئەمدواییە وەسفیكردون.
بهگوێرهى ئهو زانیارییانهى ئاشكرایكردوه، هەریەک لەتێکشکێنەرەکانی (USS Truxtun، USS Mason، و USS Rafael Peralta) لەکاتی تێپەڕبونیان بەرەو دەریای عومان، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، موشەکی کروزو بەلەمی خێرای ئێرانییەوە کراونەتە ئامانج.
ئهوهش هاتوه، "هێرشەکە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوە، تێیدا لایەنی ئێرانی تاکتیکی نەبەردی بەکۆمەڵی بەکارهێناوە بۆ نزیکبونەوە لەکەشتییەکانو هێرشهكانیان زۆر سهختو دژوار بون".
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا-ش (سێنتكۆم) ئاماژهى بهوهداوه، کەشتییەکان توانیویانە بەسەرکەوتویی وهڵامى هێرشەکان بدەنەوەو هیچ زیانێکی گیانی یان مادی لەڕیزەکانی هێزەکانی ئەمریکادا تۆمارنەکراوە، ئهمهش لهكاتێكدایه، لایهنى ئێرانى جهختدهكاتهوه لهسهر زیانى گهوره لههێزهكانى سوپاى ئهمریكا بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى ئهوان ههیانه.
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، سوپای ئەمریکا لەڕێگەی هێلیکۆپتەرەکانی ئەپاچیو سیستەمی بەرگریی ناوخۆییەوە، چەندین ئامانجی ئێرانییان لەناوبردوە، لەوانە سەکۆکانی هەڵدانی موشەک لەناوخۆی ئێراندا.
ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە لەکاتێکدایە کە واشنتۆن ئۆپەراسیۆنی (پرۆژەی ئازادی)ی دەستپێکردوە بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لەناوچەکەدا، چاودێرانیش دهڵێن، ئەم هێرشانە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆسەر ئەو ئاگربەستە کاتییەی کە لەناوچەکەدا هەبوو.
