بارەگای خاتەمولئه‌نبیا: لەوەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا، زیانی قورسمان بەکەشتییه‌كانى ئەو وڵاتە گەیاند

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1036 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بارەگای خاتەمولئه‌نبیا ئاشكرایده‌كات، لەوەڵامی دەستدرێژیی ئەمریکا بۆ سەر نەوتهەڵگرێک‌و ناوچە مەدەنییەکانی ئێران، لەڕۆژهەڵاتی هورمز هێرشمانکردەسەر کەشتییە دەریایییەکانی ئەمریکا.


هێزە چەکدارەکانی ئێران لەڕۆژهەڵاتی گەروی هورمزو باشوری بەندەری چابەهار هێرشیانکردەسەر کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکاو زیانی قورسیان پێگەیاندن، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ دەستدرێژیی ئەمریکا بۆ سەر نەوتهەڵگرێکی نەوت‌و چەند ناوچەیەکی مەدەنی ئێران.

بارەگای خاتەمولئه‌نبیا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توند دەکات بۆ هەر جۆرە بەزاندنێکی سنورەکان، ده‌شڵێت، "سوپای داگیرکەرى ئەمریکا ئاگربەستی شکاندوەو نەوتهەڵگرێکی ئێرانی کردوەتە ئامانج کە لەئاوە کەناراوەکانی ئێران لەناوچەی جاسك بەرەو گەروی هورمز لەجوڵەدا بوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، کەشتییەکی دیكه‌یان کردوەتە ئامانج کە لەبەرامبەر بەندەری فوجەیرەی ئیماراتی دەچوە ناو گەروی هورمزەوە، هاوکات لەگەڵ ئەمانەدا، ناوچە مەدەنییەکانی کەناراوەکانی (بەندەر خەمیر، سیریک‌و دورگەی قشم) کەوتنەبەر هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بەهاوکاری هەندێک لەوڵاتانی ناوچەکە.

ده‌شڵێت، "لەوەڵامدا، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەجێ هێرشیانکردەسەر كه‌شتیه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی گەروی هورمزو باشوری بەندەری چابەهارو زیانی گەورەیان پێگەیاندن".

وته‌بێژى بارەگای خاتەمولئه‌نبیا هۆشداریده‌دات‌و ده‌ڵێت، "ئێران بێ دودڵی‌و بەتوندی وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەداتەوە".

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی فراوان‌و وردیان بەئاراستەی كه‌شتیه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مریكا ئەنجامداوە.

ڕاشیگه‌یاندوه‌، "لەم هێرشەدا موشەکی بالیستی، موشەکی کروزی دژە کەشتی‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژیى بەکارهێنران، به‌گوێره‌ى زانیارییە هەواڵگرییەکانیشمان، زیانی زۆرمان بەلایەنی ئەمریکی گه‌یاندوه‌و سێ کەشتی ئەمریکی بەخێرایی لەناوچەی گەروی هورمز هه‌ڵاتون".

کەناڵی فۆکس نیوز لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا هێرشیکردوەتەسەر بەندەری قشم‌و شاری بەندەر عەباس لەئێران.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو هێرشانە بەواتای کۆتاییهاتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران نایەت.

فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانیش پێشتر جەختیکردبوەوە، دابینکردنی هاتوچۆی ئارام‌و سەقامگیر لەگەروی هورمزدا لەڕێگەی پوچەڵکردنەوەی هەڕەشەی دەستدرێژیکاران‌و جێبەجێکردنی پرۆتۆکۆڵە نوێیەکانەوە دەبێت.

ئەم ڕوداوانە لەکاتێکدان کە سەرچاوەکان بەئاژانسی "ڕۆیتەرز"یان وتوه‌، ئەمریکاو ئێران نزیکن لەگەیشتن بەڕێککەوتنێکی سنوردارو کاتی بۆ ڕاگرتنی شەڕ، ئەوەش لەڕێگەی ڕەشنوسێکی کارەوە کە ئامانجی ڕاگرتنی شەڕە، لەکاتێکدا کێشە هەرە جێناکۆکەکان بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.