نهێنی سەردانی سەرۆکی مۆساد بۆ ئیمارات دژ بەئێران ئاشکرادەکرێت

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 304 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" کە پاڵپشتی بە سەرچاوە عەرەبییەکان بەستووە، دیدی برنیع، سەرۆکی مۆسادی ئیسرائیل، لە مانگەکانی ئازار و نیسانی ڕابردوودا بەلایەنی کەمەوە دوو سەردانی فەرمی بۆ ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو ئەنجامداوە.

 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەم جووڵانە بە مەبەستی هەماهەنگیی ستراتیژیی و سەربازیی نێوان هەردوو وڵات بووە لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا.

 لەم چوارچێوەیەدا، ئیسرائیل پاترییەکانی سیستەمی "گومەزی ئاسنین"ی ڕەوانەی ئیمارات کردووە بۆ پاراستنی ئەو وڵاتە لە هەڕەشەی مووشەکیی تاران، لە کاتێکدا ئیمارات هێرشی سەربازیی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی دوورگەی لافان لە کەنداودا ئەنجامداوە.

چاودێران پێیان وایە ئەم پەرەسەندنانە ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ گۆڕانی "ڕێککەوتننامەکانی ئیبراهیم" لە هاوپەیمانییەکی دیپلۆماسی و ئابوورییەوە بۆ هاوپەیمانییەکی سەربازیی و هەواڵگریی کاریگەر. 

ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە هەماهەنگییە ئەمنییەکان لە ماوەی جەنگەکەدا بەردەوام بوون، چونکە هەردوو دەوڵەت خاوەن بەرژەوەندییەکی هاوبەشن لە سنووردارکردنی دەستێوەردانە سەربازییەکانی ئێران لە ناوچەی کەنداودا و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.