وەزیری وزەی ئەمریکا: ئێران چەند هەفتەیەک لەدروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا دورە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 200 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری وزەی ئەمریکا، ڕایدەگەیەنێت، ئێران تەنیا چەند هەفتەیەکی ماوە بۆ گەیشتن بەو یۆرانیۆمەی کە لەدروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا بەکاردێت و دەشڵێت،" دەبێت كۆنگرێس هەنگاوێك بنێت".


کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرێسدا ڕایگەیاند کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران گەیشتوەتە قۆناغێکی یەکجار هەستیار و وتی،"ئێران بەشێوەیەکی مەترسیدار لەبەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی ئاستی سەربازی نزیک بوەتەوە".

وەزیری وزە ئاشکرایکرد کە تاران ڕەنگە تەنیا چەند هەفتەیەکی مابێت بۆ گەیشتن بەو ئاستە لەپیتاندن کە بۆ چەکی ئەتۆمی پێویستە. 

هاوكات، ئاماژەی بەوەشكرد، هەرچەندە دوای بەدەستهێنانی ماددەکە هێشتا پڕۆسەی بۆمبکردن کاتی دەوێت، بەڵام ئێران خەریکە دەگاتە ئەو لوتکە یەکلاکەرەوەیەی کە جیهان لێی دەترسا.

کریس ڕایت جەختیشی كردەوە، کە ئێستا ئێران یۆرانیۆم بەرێژەی 60% دەپیتێنێت، ئەمەش وای لێدەکات زۆر بەئاسانی و لەماوەیەکی کورتدا بگاتە ئاستی 90%، کە ئاستی پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ناوەکی.

وەزیرەكەی ئەمریكا ئەم دۆخەی بەجێگەی نیگەرانییەکی زۆر وەسف کردو داوای لەکۆنگرێسی کرد بەهەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشوەچونەدا بکەن.