لەواشنتۆنەوە هۆشدارییەکی توند سەبارەت بەداهاتوی ئابوریی عێراق دەدرێت

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 169 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زیاد داود، شارەزای ئابووری، ئەمرۆ چوارشەممە لە میانی کۆڕبەندێکی ئەنجومەنی ئەتڵەسی لە واشنتۆن، وێنەیەکی تاریکی بۆ داهاتووی ئابووری عێراق کێشا و ڕایگەیاند کە وڵاتەکە بەهۆی پشتبەستنی لەڕادەبەدەر بە نەوت، لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە. 

 
داود ئاماژەی بەوە کردووە کە عێراق ئێستا زیاتر لە قەیرانەکانی ڕابردوو بەرامبەر شڵەژانی بازاڕەکانی وزە لاوازە و جەختی کردەوە کە هێڵە سوورەکانی دەوڵەت پاراستنی نرخی دینار و دابینکردنی مووچەن، کە شکستهێنان لە هەرکامیان وڵات بەرەو "دایکی قەیرانەکان" دەبات.

بەپێی شرۆڤە وردەکانی ئەم شارەزایە، عێراق نزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلار یەدەگی هەیە، بەڵام تەنها ٢٥ ملیار دۆلاری دەتوانرێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان بەکاربهێنرێت، چونکە بڕی ٧٥ ملیار دۆلار وەک داپۆشینی پێویست بۆ دراوی ناوخۆیی دەستکاری ناکرێت. 

بەو پێیەی تێچووی مانگانەی مووچە دەگاتە ٥.٣ ملیار دۆلار، ئەوا یەدەگی بەردەست تەنها بۆ پێنج مانگ بەشی مووچە دەکات ئەگەر داهاتی نەوت پەکبکەوێت.

 داود پێشبینی دەکات عێراق تاوەکو تەمموزی ٢٠٢٦ و کۆتایی مۆندیال جۆرێک لە سەقامگیری بەخۆوە ببینێت، بەڵام دوای ئەو قۆناغە وڵات ڕووبەڕووی بژاردەی تاڵ و فشاری ئابووری سەخت دەبێتەوە کە هەڕەشە لە سەقامگیری کۆمەڵایەتی دەکەن.