شارپرێس:
ئێلیزابێس
تسورکۆڤ لێکۆڵەرە ئیسرائیلییە ڕزگاربوەکە ڕایگەیاند، ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی
لەکاتی ڕفاندنیدا لەعێراق دەستیکەوتون، ڕادەستی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا
(FBI)ی
کردونو بونەتە هۆی دەستگیرکردنی محەمەد باقر سەعدی سەرکردەی کەتائیبی حزبوڵڵا.
کاتێک ئێلیزابێس
تسورکۆڤ لەناوجەرگەی بەغدا ڕفێندرا، کەتائیبی حزبوڵڵا وایاندەزانی نێچیرێکی بەهێزیان
گرتوە، بەڵام ئێستا دەرکەوتوە کە ئەو ڕفاندنە گەورەترین هەڵەی هەواڵگریی ئەو گروپە
بوە.
تسورکۆڤ دوای
ئازادبونی، دیارییەکی کوشندەی ڕادەستی FBI کرد کە بوە هۆی تێكشكاندنى یەکێک لەسەرکردە
مەترسیدارەکانی کەتائیبى حزبوڵڵا.
ئێلیزابێس
تسورکۆڤ ئەو لێکۆڵەرە ئیسرائیلی-ڕوسییەی کە بۆ ماوەی زیاتر لەدوساڵ لەژێر دەستی
گروپە چەکدارەکاندا بوو، پەردەی لەسەر نهێنییەکی گەورە لادا، ئەو ڕایگەیاند، لەماوەی
ڕفاندنیدا لەعێراق، بەهۆی ئەوەی چەکدارەکان بە"گەمژە" وەسفدەکات، زانیاریی
هەستیاری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانیان دەستکەوتوە.
ئەم زانیارییانە
تەنها یادەوەری تاڵ نەوون، بەڵکو بونە نەخشەڕێگه بۆ نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی
ئەمریکا (FBI)،
بهگوێهى وتەی تسورکۆڤ، ئەو زانیارییانەی ئەو ڕادەستی ئەمریکای کردون، کلیلی سەرەکی
بون بۆ دەستگیرکردنی محەمەد باقر سەعدی یەکێک لەفەرماندە باڵاکانی کەتائیبی حزبوڵڵا.
دەستگیرکردنی
سەعدی لەکاتێکدایە کە FBI تۆمەتباریدەکات بەداڕشتنی پلانی زیاتر لە 20
هێرشی "تیرۆریستی" لەوڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا کە زۆربەیان دامەزراوە
جولەکەکانیان کردبوە ئامانج.
تسورکۆڤ لەهەژماری
خۆی لەسۆشیاڵ میدیا نوسیویەتی، "ئەو ئەنجامەی FBI بەدەستیهێنا، بەبێ ماندوبونی ئەو بریکارە لێهاتوانە
نەدەبوو کە شەوو ڕۆژیان خستەسەریەک بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا".
ئەم ڕوداوە
جارێکی دیكه ململانێی توندی هەواڵگریی نێوان گروپە چەکدارەکانی نزیک لەئێرانو دەزگا
ئەمنییەکانی ئەمریکا دەخاتەڕوو، بەڵام ئەمجارەیان جیاوازە، ئەمجارە "ڕفێنراوێک"
بوە کلیلی تێکشکاندنی پلانەکانی "ڕفێنەرەکە".
