شارپرێس:
زەیدی بەوەکالەت وەزارەتی ناوخۆ دەسپێرێت بهحسێن عەوادیو نوری مالیکیش لەڕێگەی (هاوپەیمانی بەهێزەکان)ەوە زەنگی مەترسی بۆ دابەشکارییەکانی پێشوو لێدەدات، جوڵەیەکی چڕ دەستیپێکردوە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی وەزیرو سەرلەنوێ کێشانەوەی نەخشەی سیاسیی حکومەت.
عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بڕیاریدا بەڕاسپاردنی حسێن عەوادی بریکاری باڵای وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وەزارەتەکە بەشێوەی وەکالەتو کاتیی، ئەمەش تائەوکاتەی وەزیرێکی نوێ لەشوێنی عەبدولئەمیر شمەری دەستنیشاندەکرێت.
حسێن عەوادی کە لەساڵی 2020و لەسەردەمی حکومەتەکەی مستەفا کازمی وەک بریکاری کارگێڕییو دارایی وەزارەتەکە دەستنیشانکرابوو، پاشخانێکی پەرلەمانیشی هەیەو پێشتر سەرۆکی لیژنەی وزەو سوتەمەنی بوە.
ڕاسپاردنی ناوبراو لەکاتێکدایە کە پێشتر دامەزراندنی وەک بریکار، ناڕەزایەتی توندی ئیتیلافی دەوڵەتی یاسای لێکەوتوەوە کە ئەو پۆستەیان بەپشکی خۆیان دەزانی.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا، جوڵەیەکی سیاسی چڕ لەناوماڵی شیعەو چوارچێوەی هەماهەنگی دەستیپێکردوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوەدەکەن، هاوپهیمانى دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی، سهرقاڵى تاووتوێکردنی چەند ناوێکە بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ کە دیارترینیان قاسم عەتاو فەرماندەیەکی دیكهى سەربازییە.
ئەم ململانێیانە لەکاتێکدان، هەوڵێک بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێ بەناوی هاوپەیمانی بەهێزەکان بەڕێبەرایەتی مالیکی لەئارادایە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو ناکۆکییانەی لەکاتی دەنگدان لەسەر کابینەی حکومەتو دابەشکردنی پۆستەکان سەریانهەڵدا.
