دواى 50 ساڵ سوپا دژی هەژمونی پاسداران دەوەستێتەوەو ئه‌گه‌رى پێكدادانى توند هه‌یه‌

جیهان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2616 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سوپاى ئێران ڕایده‌گه‌یه‌نێت، دوای نیو سەدە لەسوکایەتی‌و پەراوێزخستن، کاتی تۆڵە گەورەکەیه‌، سوپای ئێران بۆ یەکەمجار لەناوجەرگەی شارەکاندا ڕوبەڕوی هەیمەنەی سوپای پاسداران دەبێتەوەو بۆشایی دەسەڵات دوای خامنەیی، دەکاتە هەلێک بۆ وەرگرتنەوەی شکۆی 50 ساڵەی خۆی.


ناوەندە هەواڵگرییەکان هۆشداریی لەتەقینەوەی بارودۆخی ناوخۆیی ئێران دەدەن، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ململانێی مێژویی نێوان سوپاو سوپای پاسداران گەیشتوەتە ئاستی پێکدادانی چەکداریی، ئەمەش به‌هۆى بۆشایی دەسەڵات دوای کوژرانی عەلی خامنەیی‌و لاوازیی پێگەی موجتەبای کوڕی.

مێژویەکی پڕ لەگومان‌و ململانێ
ململانێی نێوان ئەم دوو هێزە بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە، کاتێک خومەینی، سوپای پاسدارانی وەک هێزێکی هاوتەریب دروستکرد بۆ پاراستنی ڕژێم لەترسی کودەتای سوپا، لەوکاتەوە تائێستا، سوپای پاسداران بەپلانێکی ورد دەستی بەسەر جومگە باڵاکانی سوپادا گرتوە، بەڵام ئەمە ڕێگریی لەبەردەوامیی ڕق‌و کێبڕکێی نێوان پلەدارە نزمەکان نەکردوە.

پێکدادانی چەکداری لەناوشارەکاندا
سەرچاوەکان بۆ (ئه‌لحوڕه‌) ئاشکرایانکردوە، لەشارەکانی (تاران، تەورێز، ئەسفەهان، کرماشان، مەریوان‌و ئەهواز) پێکدادانی چەکداری لەنێوان هەردوو هێزەکە ڕویداوە، هۆکاری سەرەکی ئەم پێکدادانانە تۆمەتبارکردنی ئەفسەرانی سوپا بوە بەخیانەت‌و پێدانی زانیاریی بەئەمریکاو ئیسرائیل کە وایکردوە، سوپای پاسداران دەیان ئەفسەری سوپا دەستگیربکات.

جیاوازییە گەورەکان (ئابوریی‌و سەربازیی)
سوپای پاسداران: خاوەنی 500 هەزار چەکدارە، کۆنترۆڵی تەواوی پڕۆگرامی موشەکی، درۆن‌و ئەتۆمیی دەکات، هەروەها لەڕێگەی بارەگای خاته‌مولئه‌نبیاوه‌ دەستی بەسەر تەواوی ئابوریی ئێراندا گرتوە.

سوپای ئێران: هەرچەندە ژمارەیان زۆرترە (نزیکەی ملیۆنێک کەسن)، بەڵام چەکەکانیان کۆن‌و پەککەوتەن‌و لەدوای شەڕی عێراق-ئێرانەوە پەرەیان پێنەدراوە.

قۆناغی دوای خامنەیی‌و مەترسییەکانی داهاتوو
چاودێران پێیانوایە، دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە28ى شوباتدا، ململانێکان قووڵتر بونەتەوە، فوئاد ئەبو ڕیسالە سکرتێری گشتیی بەرەی عەرەبی بۆ ڕزگارکردنی ئەهوازو یەکێک لەسەرکردە دیارەکانی ناسیۆنالیستی عەرەبی لەهەرێمی ئەهواز (خوزستان) لەباشوری ئێران ئاماژە بەوەدەکات، سوپا بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێت بۆ تۆڵەکردنەوە لەو پەراوێزخستنەی کە 50 ساڵە تێیدایە.

هاوکات لامار ئەرکەندی نوسەرو ڕۆژنامەنوس‌و لێکۆڵەری کورد کە تایبەتمەندە لەکاروباری گروپە توندڕەوەکان‌و تیرۆر هۆشداریدەدات کە ئەمە تەنها گرژییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو هەژانێکی گەورەیە لەبنکە ئەمنییەکانی ڕژێمدا کە ڕەنگە ببێتە هۆی تێکچونی ناوەندی بڕیار لەئێران.

بەپەلە