شارپرێس:
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ سهڵاحهدین محەممەد بههائهدین، ئەمیندارى گشتیی یهكگرتووى ئیسلامى كوردستان کۆبووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێک، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێکران و گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی نێوان هێز و لایەنەکان بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان بە گرنگ زانرا.
لای خۆیەوە سەڵاحەدین محەممەد دەستپێشخەرییەکی بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستووییە سیاسییەی کوردستان پێشکەشی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد و هەردوولا هاوڕابوون کە درێژەکێشانی دۆخی چەقبەستووی سیاسیی هەرێمی کوردستان خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان ناکات و بۆ نەهێشتنی بەربەستەکان پێویستە هەنگاوی جدی بنرێت، ئەوەش بە دیدگایەکی نیشتمانی و بەرپرسیارانە دەکرێت کە ئامانجی خزمەتکردنی هاونیشتمانییان بێت.
هەروەها سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕونیکردەوە، ئێمە وەکو یەکێتی لە ڕابردوودا، هەروەها بۆ ئێستا و داهاتووش بەرەوڕووی هەر دەستپێشخەرییەک دەچین کە لە سۆنگەی دڵسۆزییەوە بێت و لە سوود و بەرژەوەندیی گەلی کوردستان بێت.
هاوکات سەرۆکی یەکێتیش بڕیاری دا لە ئەمڕۆوە و لەپێناو زەمینەسازیی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوکاری ئەو دۆخە بن و نەبنە بەشێک لە تووندکردنەوەی ناکۆکییەکان.