حزبوڵڵاى عێراق هۆشداریى به‌توركیا ده‌دات‌و به‌خیانه‌تكار ناوى ده‌بات

عیراق

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1977 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاوکردنی جێگرەوەی موهەندیس لەناوخاکی تورکیا، ئۆپەراسیۆنێکی توندی ئەمریکا، کەتائیبی حزبوڵڵاى عێراق توشی شۆک دەکات‌و پەنجەی تۆمەتی خیانەت بۆ ئەنكەرەو بەغدا درێژدەکرێت.


لەکاتێکدا ناوچەکە لەناو ئاگری ململانێدایە، هەواڵی دەستگیرکردنی محەمەد باقر سەعدی، یەکێک لەبەهێزترین پیاوە سێبەرەکانی کەتائیبی حزبوڵڵا، بومەلەرزەیەکی سیاسی‌و ئەمنی لەبەغداو ئەنكەرە دروستکرد، ئۆپەراسیۆنەکە تەنها دەستگیرکردنی سەرکردەیەک نەبوو، بەڵکو پەردەی لەسەر هاوکێشەیەکی نوێی هەواڵگری لادا کە تێیدا واشنتۆن توانیی لەناوخاکی تورکیادا جێگرەوەی موهەندیس ڕاوبکات.

به‌گوێره‌ى زانیارییە دزەپێکراوەکان، محەمەد باقر سەعدی کە بەداڕێژەری چالاکییە دەرەکییەکانی حزبوڵڵا دەناسرێت، لەئۆپەراسیۆنێکی "بروسکەیی" هێزە تایبەتەکانی ئەمریکادا لەناوخاکی تورکیا کەوتە داوەوە.

کەتائیبی حزبوڵڵا بەتوڕەییەوە پەنجەی تۆمەت بۆ دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)و لایەنێکی نادیار لەناو حکومەتی عێراق درێژدەکەن‌و دەڵێن، "ئەمە بەبێ هەماهەنگیی هەواڵگریی‌و خیانه‌تى ناوخۆیی‌و ئیقلیمی نەدەبوو".

سەعدی کە ئێستا لەناوخاکی ئەمریکایە، ڕوبەڕوی قورسترین تۆمەتەکانی تیرۆر دەبێتەوە؛ واشنتۆن دەڵێت ئەو مێشکی داڕێژەری ئەو هێرشانە بوە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلیان لەدەرەوە کردوەتە ئامانج، ئەم ڕوداوە وایکردوە ترس‌و دڵەڕاوکێ باڵ بکێشێت بەسەر سەرکردەکانی تری گروپە چەکدارەکاندا.

چوارچێوەی هەماهەنگی کەوتوەتە حاڵەتی ئامادەباشی، ڕێنمایی بەپەلە گەیشتوەتە سەرکردەکان کە شوێنی حەوانەوەیان بگۆڕن‌و ڕێکاری توندی خۆپارێزی بگرنەبەر.

ئەم دەستگیرکردنە نیشانەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا چیتر تەنها بەسزاو خەڵاتی ملیۆن دۆلاری ناوەستێت، بەڵکو قۆناغی ڕاوکردنی مەیدانی دەستپێکردوەو بازنەی پارێزراوی سەرکردەکان لەدەرەوەی عێراقیش تەسکبوەتەوە.

بەپەلە