عەبدی‌و ئۆجەلان بەنهێنی کۆبونەوەو ئاکپارتی مەرجی توند دادەنێت

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1481 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى زانیاریی میدیاکانی تورکیا، پەیوەندییەکان لەنێوان ئەنكەرەو ڕۆژئاوای کوردستان چوەتە قۆناغێکی نوێ‌و هەستیارەوە، دەنگۆی دیدارێکی نهێنی لەنێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدەو عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە لەدوورگەی ئیمراڵی بڵاوبووەتەوە، ئەمەش کاردانەوەی توندی لەناو پارتە دەسەڵاتدارەکەی تورکیا (ئاکپارتی) لێکەوتووەتەوە.


ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، لەمانگی ئاداری ڕابردوودا، مەزڵووم عەبدی‌و ئیلهام ئەحمەد بەنهێنی سەردانی ئیمراڵییان کردووە.

لەو دیدارەدا ئۆجەلان بەتوندی ڕەخنەی لەسەرکردایەتی هەسەدە گرتووەو پێیڕاگەیاندوون، ئەو لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا گەیشتووەتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی، بۆیە پێویستە ئەوانیش ڕێگەی ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سووریا بگرنەبەرو کۆتایی بەململانێی چەکداریی بهێنن.

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیانە، ئاکپارتی مەرجی "چەکدانانی تەواوەتی" وەک تاقیکردنەوەی سەرەکی بۆ هەر هەنگاوێکی نوێ دەبینێت. بەرپرسانی پارتەکە جەختدەکەنەوە، تاوەکو هەموو هێزە چەکدارەکان بەیەکجاری چەک دانەنێن، هیچ ئاسانکارییەکی یاسایی یان گۆڕانکاریی لەپرۆسەکەدا ئەنجامنادرێت‌و دەوڵەت لەسەر هەڵوێستە توندەکەی خۆی بەردەوامدەبێت.

ئەم پێشهاتانە دوای زنجیرەیەک بڕیاری مێژوویی دێن؛ لەوانە بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025 بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، دواتریش ڕێکخراوەکە لەکۆنگرەی 12ی خۆیدا (ئایاری 2025) بەفەرمی بڕیاری "کۆتاییهێنان بەبوونی ڕێکخراوەیی خۆی"دا، ئەمەش وایکردووە چاوی جیهان بکەوێتەسەر هەنگاوەکانی داهاتووی هەسەدە لەسووریا.

بەپەلە