شارپرێس:
ڕێبەری باڵای ئێران بڕیاری لێخۆشبون و کەمکردنەوەی سزای بۆ دوو هەزار زیندانی دەرکرد، کەبەشێکی زۆریان ڕاستەوخۆ ئازاد دەکرێن.
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، پێشنیازێکی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکەی پەسەند کرد بۆ لێخۆشبون و کەمکردنەوەی سزای دوو هەزار سزادراو.
میدیاكانی ئێران ئاشكرایانكرد، ئەم بڕیارە دوای پێداچونەوەی وردی کۆمیسیۆنەکانی لێخۆشبونی پارێزگاکان و کۆمیسیۆنی ناوەندی دێت، کە تێیدا لیستە پێشنیازکراوەکان ئامادە کران و بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی کۆتایی پێشکەش بەڕێبەری باڵای ئێران کران.
عەلی موزەفەری، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، لێخۆشبونەکە زیاتر ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە سکاڵاکاری تایبەتیان نییە، پێشینەی تاوانی کاریگەریان نییەو لەکاتی مانەوەیان لەزیندان نیشانەکانی چاکسازییان تێدا دەرکەوتوە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە سزادراوانی دۆسیە ئەمنییەکان، سیخوڕی و ئەوانەی هەڕەشەیان لەئاسایشی گشتی کردوە، بەهیچ شێوەیەک ئەم لێبوردنە نایانگرێتەوە؛ بەتایبەتی لەم قۆناغەدا کە ئێران لەشەڕێکی سەپێندراودایە لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیلدا و بەتوندی مامەڵە لەگەڵ تاوانە ئەمنییەکان دەکرێت.
جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ڕونی کردەوە کە بڕیارەکانی کۆمیسیۆنەکە تەنیا لەسەر بنەمای پێوەرە یاساییەکان بوەو هیچ فشارێکی دەرەکی کاریگەریی لەسەر نەبوە.
